دیک چێنی كۆچی دوایی كرد
جێگری جۆرج بوش بوو
دیک چێنی كۆچی دوایی كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دیك چێنی جێگری سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بە نەخۆشی لە تەمەنی 84 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.11.2025 خێزانەکەی رایانگەیاند، دیک چێنی جێگری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی و وەزیری بەرگری و ئەندامی پێشووی کۆنگرێس لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
چێنی لە چوار ئیدارەی سەرۆکایەتیی ئەمریكا یەک لە دوای یەکدا پۆستی باڵای هەبووە، سەرەتا وەک یاریدەدەرێک لە کۆشکی سپی لە سەردەمی سەرۆک ریچارد نیکسۆن دەستی پێکرد، دواتر بووە بچووکترین سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی لە سەردەمی سەرۆک جیراڵد فۆرد، پاشان لە سەردەمی ئیدارەی ریگان وەک ئەندامی کۆنگرێس کاری کردووە، پێش ئەوەی ببێتە وەزیری بەرگری لە سەردەمی جۆرج بوشی باوك، لە کۆتاییشدا وەک جێگری سەرۆک لە سەردەمی جۆرج بوشی كوڕدا کاری کردووە.
چێنی لە سێ جەڵتەی دڵ رزگاری بوو، کاتێک جۆرج بوشی كوڕ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2000دا وەک جێگری خۆی کاندیدی کرد، سەرەڕای کێشە تەندروستییەکانی، بەڵام بوو بە یەکێک لە بەهێزترین جێگرەکانی مێژووی ئەمریکا و بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک کاریگەرترین کەسایەتی لە ئیدارەی بوش دادەنرا، پێش ئەوەی ئەمڕۆ گیان لەدەست بدات.