چ مانایەکى هەیە؟
فڕۆکە تورکییەکە بە رێوڕەسمى ئاوپڕژێنکردن پێشوازى لێکرا
964+
وریا فەتاح
ئەم بەرەبەیانییە دواى 945 رۆژ یەکەم فڕۆکەى تورکیا لە فڕۆکەخانەى سلێمانى نیشتەوە و بە رێوڕەسمى ئاوپڕژاندن پێشوازى لێکرا.
ئەم کارە نەریتێکی باوی نێودەوڵەتییە لە جیهانی فڕۆکەوانیدا و ناسراوە بە “ڕێوڕەسمی پێشوازی ئاو”کە هیچ پەیوەندییەکی بە پاککردنەوەی فڕۆکە یان رێکاری سەلامەتییەوە نییە، بەڵکو هێمایەکی رێزلێنان و پیرۆزباییە.
هەر بۆیە ئەم ئاوپڕژاندنەى فڕۆکە تورکییەکە وەک هێمایەک بوو بۆ خۆشحاڵی و پیرۆزبایی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.
هاوکات مەراسیمى ئاو پژاندن لەچەند بۆنەى تریش بەکار دەهێندرێت، بۆنمونە یەکەم گەشتی فڕۆکەیەکی نوێ، یان کۆتا گەشتى فڕۆکەیەک، زۆرجاریش بۆ کۆتا گەشتى فڕۆکەوانێک پێش خانەنشین بوون.
دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ 964 پشتڕاستى کردەوە کە رێوڕەسمەکە وەک پێزانین و خۆشحاڵییەک بووە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى نێوان فڕۆکەخانەى سلێمانى و فڕۆکەخانەکانى تورکیا.