وەک تێزاب وایە و دەکوڵێت
ماددە رەشەکە بەرۆکی شارەزوور بەرنادات
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
ماددە رەشەکە بەرۆکی شارەزوور بەرنادات و دیسانەوە لە نزیک زەڕایەن و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانەوە رژێندراوە.
پەیامنێری 964 چووەتە شوێنەکە و وێنە و ڤیدیۆی ماددەکەی گرتووە کە تیایدا وەک تێزاب دەردەکەوێت، بەشێوەیەک بڵق دەدات و دەکوڵێت.
لە یەک هەفتەی رابردوودا چەند جارێکی تریش ئەو ماددەیە لە قەزای شارەزوور رژێندراوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئیداری شارەزوور بە 964ـیان وتووە کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بابەتە دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
10 رۆژ زیاترە رشتنی ئەو ماددە رەشە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەتایبەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە، ئەگەرچی قەرار بوو، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی پشکنین بۆ ئەو ماددەیە بکات و ئەنجامی پشکنینەکە ئاشکرا بکات، بەڵام هێشتا ئەوەش نەکراوە.
964 ژمارەى ئەو تەنکەرەى دەستکەوتووە کە مادە رەشەکەى رشتووە و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئەگەر بەدواداچوون دەکەن ژمارەى تەنکەرەکەتان پێدەدات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری