بنکەیەکى دەنگدان لە هەولێر...وێنە: 964+
پەروەردەی عێراق
هێشتا بڕیاری داخستنی قوتابخانەكان لە ئارادا نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دووپاتی کردەوە، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە سەبارەت بە داخستنی قوتابخانەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کەریم سەید ئەمڕۆ یەكشەممە 2.11.2025 لە راگەیاندراوێكدا وتی، “تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی سەبارەت بە داخستنی قوتابخانەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکان نییە”.
بەڵام دووپاتی كردەوە، رۆژی چوارشەممە 5.11، وەزارەت ئەو قوتابخانانە رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکات، کە وەک ناوەندی دەنگدان لە ماوەی 5 تا 13ی ئەم مانگە بەكار دەهێرێن.
وتەبێژەكەی پەروەردەی عێراق وتیشی، “بڕیاری داخستنی سەرجەم قوتابخانەکان پەیوەستە بە بڕیارێکەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت”.
هاوكات هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، رادەستكردنی ئەو قوتابخانانەی پەسەند کراون وەک ناوەندی دەنگدان، لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 5.11.2025 دەستپێدەکات، تا پێنجشەممەی دواتر 13.11.2025، ئەمەش بە مەبەستی ئامادەكردنیان بۆ هەڵبژاردن و دانانی کامێرا، بەو پێیەی سێ کامێرا لە هەر ناوەندێکی دەنگدان و دوو کامێرا لە هەر وێستگەیەک دادەنرێت، هەروەها ئەوانیش بە کەرەستەی لۆجستی و تەکنیکی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن تەیار دەکرێن.
رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و لە نۆی مانگیش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، زۆرینەی ئەو بنكانەی دەنگدانیش قوتابخانەكان دەبن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان.