مردنێکی پۆشتەوپەرداخ
لە شارەزوور بمری دینارێک نادەی، هەمووشیان دێن بۆ نوێژەکەت
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە رێگەی گروپێک لە سۆشیال میدیاوە، خەڵک ئاگادار دەکەنەوە تەرمێک لە مزگەوتەکەیانە و ئامادەیە تا “نوێژی مردوو”ی لەسەر بکەن، ئەوێ مزگەوتی دەروازەیە لە ناحیەی زەڕایەن و لە قەزای شارەزوور، لەوێ تەواوی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی مردوویەک، لە نەخۆشخانەوە تا بەڕێوەچوونی پرسەکەی بێ بەرامبەرە.
کاتێک تەرمێک دەبردرێتە مزگەوتەکە، ژن بێت ستافێکی جیاوازی ژنان کفن و دفنی دەکەن، ئەگەریش پیاو بوو ستافێکی جیاوازتر ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجام دەگەیەنن، تا ئامادەی بکەن بۆ نوێژ لەسەرکردن، ئەوەی لێرە جیاواز حەشاماتی خەڵک و مسوڵمانانە لەو کاتەدا، لەگەڵ ئەوەی دێن نوێژی لەسەر بکەن، ستافێکی دیکە لە گۆڕستان، گۆڕەکەی ئامادە دەکەن.
ئەرشەد حەمە شەریف، یەکێکە لەو شۆفێرانەی کاری گواستنەوەی تەرم دەکات لە شارەزوور، بە 964ی وت، ماوەی دووساڵ و نیوە شۆفێری ئۆتۆمبێلی تەرمە لە شارەزوور، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کاری گواستنەوەی تەرم بەبێ بەرامبەر دەکەن.
لە ماوەی ئەم دووساڵ و نیوەدا، ئەرشەد نزیکەی 600 تەرمی بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گواستووەتەوە، بەشێک لەو کەسانەی خەڵکی شارەزوورن و لە نەخۆشخانە کۆچی دوای دەکەن، ئەوان دەچن تەرمەکانیان دەهێننەوە بۆ مزگەوتی دەروازە لە دەروازەی ناحیەی زەرایەن و رادەستی ستافی مردووشۆردنی دەکەن.
بەرچاوترە، ئەو کەسانەی لە قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن و دەربەندیخان و کەلار کۆچی دوایی دەکەن هێنراونەتە مزگەوتەکە بۆ ڕێورەسمی کفن و نوێژ لەسەرکردن.
محەمەد حسێن، لە سەرپەرشتیارانی بەشی راگەیاندنی مزگەوتی دەروازەیە لە ناحیەی زەڕایەن، ئەو لەبارەی ستافەکانیان بە 964ـی وت، دووستافی مردوو شۆردنیان هەیە کە 24 کاتژمێر ئامادەن، ئەگەر مردووەکە ژن بێت ئەوا ستافی ژنان دەیشۆرن و ئەگەر پیاو بێت ستافی تایبەت بە پیاوان ئامادە دەکرێت تا تەرمەکە دەگاتە مزگەوتەکە، دواتر دەشۆردرێت و کفن دەکرێت.
پێش ئەوەی نوێژی لەسەر بکرێت لە رێگای کورتەنامەوە زیاتر لە 600 کەس ئاگادار دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی بچن و نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکە بکەن، ئەوە رێکارێکی کەم وێنە وجیاوازە خەڵکی خانەخوێ و مسوڵمانان پەیڕەوی ئەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی، فەیسبەوک، ڤایبەر و واتسئەپ گروپی تایبەت بە نوێژی مردوویان هەیە، کە ئەوانیش نزیکەی هەزار کەسی تێدایە و بێ ئەوەی مردووەکە بناسن یەن نوێژی مردوو لەسەر دەکەن لە کاتێکی دیاریکراودا ، دوای نوێژکردن بەڕێدەکرێت بۆ گۆڕستان.
زیاتر لە 45 گۆڕستان لە سنوری قەزای شارەزوور هەن، کە چەند کەسێکی تایبەت بە ئامێری حەفارەی خۆیان بەبێ بەرامبەر گۆڕ بۆ مردوو هەڵدەکەنن، تاوەکوو تەرمەکە دەگاتە گۆڕستان قەبرەکەی ئامادە دەکرێ.
بۆ مەراسیمی پرسەش سەرجەم هۆڵەکانی پرسە لەشارەزوور بێ بەرامبەرە، بۆیە خەڵکی زۆرجار ئەم جیاوازییە لە گیانی هاوکاری لەو ناوچەیە دەبینن، جیاواز لەوەش بەسەدان کەس بەشداری نوێژی مردوو دەکەن و لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردن تا پرسەکەشی ئامادە دەبن، لە کاتێکدا لە هەندێک لە شار و ناوچەکان، کۆی ئەو مەراسیمانە بە پارەن و زۆرجار خەرجی پرسە، دوو تا سێ ملیۆن دیناری ویستووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا