لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی:

هیوا مەحمود عوسمان: پەکەکە کاری خۆی کرد، نۆرەی تورکیایە

964+

ژووری هەواڵ

ئایندەی پەکەکەو پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و وەزعی پارچەکانی دیکەی کوردستان بابەتی گفتوگۆیەکی گەرم و گوڕ بوو لە کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی، هیوا مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی  قسەی دڵی قەندیلی کرد.

لە جەزیرەی ئینگلیزی پرۆگرامێک هەیە بەناوی (ئینساید ستۆری) کە ئەدریان فینیگان پێشکەشی دەکات، رۆژنامەوانێکی بەناوبانگ و لێوەشاوەیە، ئەمجارە گفتوگۆی پرۆگرامەکەی لەسەر ئەوە بوو ئاخۆ پەکەکە دەستبەرداری چەک و خەونی سەربەخۆیی بووە یا نا.

سێ میوانی هەبوو، یەکێکیان هیوا مەحمود عوسمان بوو، 964 ژێرنووسی کوردی بۆ پرسیار و وەڵامەکان داناوە و دەتوانن لە ڤیدیۆکەدا بیبینن، هەر لێرەش بە نووسین دەقی پرسیار و وەڵامەکانمان داناوە:

ئەدریان: لە هەولێرەوە لە عێراق، هیوا عوسمان لەگەڵمان دەبێت، راوێژکاری پێشووی سەرۆکی عێراق جەلال تاڵەبانی و بەڕێوەبەری گشتی  964
هیوا، با لەگەڵ تۆ دەست پێ بکەم، چاوەڕوان دەکرێت راگەیەندراوەکەی پەکەکە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە پێشوازی لێکراو بێت، ئەمە لە راستیدا چەندە گرنگە؟

هیوا مەحمود عوسمان: سوپاس بۆ دەرفەتی قسەکردن لە ئەلجەزیرە، پێموایە هەنگاوەکانی پەکەکە بەرەو ئاشتی، بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی لەلایەن هەمووانەوە پێشوازیانلێکرا، بەڵام بە بۆچوونی من، کەمترین پێشوازی ئەرێنی لەلایەن حکومەتی تورکیا بووە، وەکو دەزانیت، بۆ خەڵکی کوردستانی عێراق، بۆ خەڵکی سووریا، عێراق وناوچەکە، تەنیا ئەوە دەتوانن بکەن کە بڵێن پێشوازی لەم هەنگاوانە دەکەین و ئامادەین کاربکەین بۆ ئەوەی ببنە راستی یان بۆ ئەوەی کورد و تورک لە تورکیا بگەنە ئاشتی، بەڵام بە راستی ئەو لایەنەی کە هەموو چاوەکان لەسەریەتی ئەنقەرەیە، پڕۆسەی ئاشتی نێوان دوو لایەن کاتێک روودەدات کە هەردوو لایەن بەشداربن، وەک دەڵێن، چەپڵە بە یەکدەست لێنادرێت، ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن رابەری بەندکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەڵان، دەستی پێکرد بەدوایدا چەندین دەستپێشخەریی تر لەلایەن پارتەکەیەوە هات، دانانی چەکەکانیان و سووتاندنیان، رازیبوون لەسەر راگرتنی خەباتی چەکدارانە، هەڵوشاندنەوەی خۆیان، هەموو ئەم هەنگاوانە لەلایەن پەکەکەوە هاتوون.
چاوەڕوان دەکرا کە بە کردەوەی یاسایی، دەوڵەتی تورک وەڵامدانەوەی هەبێت، بەڵام تا ئەم خولەکە، تاوەکو کاتی ئەم پەخشە ئێمە هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتیمان نەبینیوە لەلایەن لایەنی تورکییەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە تەنانەت کەمێکیش بەرەو پێشەوە بچێت، تا ئێستا کردەوە یەکلایەنەکان لەلایەن پەکەکە و رابەرەکەیەوە بووە، رەنگە هەندێک لێدوانی پێشوازیکردن لەلایەن توركیاوە هەبێت، بەڵام هیچ شتێک لەوە زیاتر نییە، ئیرادەی ئاشتی هێشتا تەرجەمە نەکراوە بۆ کردار، بە تایبەتی لە رووی یاساییەوە، لە تورکیادا.

ئەدریان: هیوا، لەکاتێکدا کە ئاماژە بە ئەوە دەکەیت کە هیشیار باسی دەکرد، لە راپۆرتی ئالێکسدا لە هەندێکیان بیستمان، بەڵام گەلی کورد چی دەوێت؟، واتە، نەک تەنیا کوردەکانی تورکیا، بەڵکو لەوێ لە باکووری عێراق، لە سووریا، ئایا هەموو ئومێدەکان بۆ نیشتمانێکی سەربەخۆ ئێستا لەسەر مێزەکە نین؟ واتە، هەموو ئەمانە چی مانایەکن  بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتی کوردی؟
هیوا مەحمود عوسمان: ببینە ئەدریان کورد زۆرجار ئەم وێناکردنە دەبیستێ کە کوردەکانی ناوچەکە داوای وڵاتێکی سەربەخۆ دەکەن. ئەم وێناکردنە بۆ چەندین ساڵە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەر بۆ نموونە، ئەمڕۆ تەماشای دوو پارتە کوردییەکە بکەیت لە کوردستانی عێراق کە لە نێوان خۆیاندا نزیکەی زیاتر لە 70 لە سەدی دەنگی کوردیان هەیە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناکەن .
ئەوان داوای عێراقێکی دیموکراتی، فیدراڵی، فرەیی دەکەن کە تێیدا کورد وەک هاوڵاتییانی تری هاوسەنگ بێت، تەماشای سووریا دەکەیت، هەسەدە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوان سیستەمێکی دیموکراتیان لە سووریا دەوێت جەنەراڵ مەزلووم عەبدی چەندینجار چووەتە دیمەشق، لێدوانەکانی ئاشتیخوازانەتر وسووریترن لە خودی سەرۆک شەرع سەبارەت بە یەکێتی سووریا وتەواوی خاکی سووریا، هەروەها دەربارەی سووریایەک کە هەموو گەلەکەی بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دروز، عەلەوی، مەسیحی، کورد و عەرەبی سوننی و هەموو ئەوانیتر.
تەماشای کوردستانی تورکیا بکە، بۆ نموونە پەکەکە دروشمی سەربەخۆیی نزیکەی 40 ساڵ لەمەوپێش بەجێهێشتووە لە هیچ شوێنێک لە ئەدەبیاتەکانیاندا نایبینیت کەواتە زۆر سەرسوڕهێنەرە بۆ کورد هەرکاتێک راپۆرتێکی میدیای نێودەوڵەتی دەبینن دەربارەی ئەوەی کوردەکان چیان دەوێ یەکسەر دەچێتە سەربەخۆیی لە وڵاتە جیاوازەکانی کە تێیدا دەژین سەرەڕای گوتاری پارتە سیاسییەکان و هەموو رابەرەکانیان کە دەیانەوێت لەناو ئەم وڵاتانەدا بمێننەوە، ئەوان ئەوە دەزانن کە ئەمڕۆ ئەم سنوورانە گۆڕانکارییان پێناکرێت لە نەبوونی ئەمەدا، هەموو کەسێک داوای بارودۆخێک دەکات لەناو دەوڵەتەکانی کە تێیدا دەژین بەجۆرێک کە بتوانن مافی دیموکراتی، یاسایی، کەلتووری و سیاسیان هەبێت و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
خاڵی سەرەکی بۆ هەر کوردێک لە ناوچەکەدا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، لەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی ئەو وڵاتە

ئەدریان: ئایا پەکەکە یەکگرتووە لەسەر ئەمە؟ ئایا کەس لەناو ریز و پلەکاندا هەن کە ناڕازین لە سەرکردایەتیەکەیان؟ تا چ رادەیەک؟ واتە، ئایا مەترسی دابەشبوون لەناو پەکەکەدا هەیە؟ یان رەنگە دەرکەوتنی  گروپی یاخی بوو لەناویان کە دژی ئەم چەکداماڵینە و پڕۆسەی ئاشتیانە؟

هیوا مەحمود عوسمان: تا ئێستا، پەکەکە یەکگرتووە  هەموویان هەموو ئەو شتانەیان کردووە کە لەلایەن رابەرەکەیان ئۆجەڵانەوە داواکراوە و هیچ دەنگێکی یاخیبوومان نەبیستووە بۆ ئەوە ئایا ئەمە بەردەوام دەبێت، یەکگرتوو دەمێننەوە یان نا؟ بە راستی پەیوەستە بە کاردانەوەی تورکیاوە.
ئەگەر تورکیا، ئەگەر دەوڵەتی تورک،  ئەگەر سەرۆک ئەردۆگان خواستی ئەوەیە، تەسلیمبوونی ”تاوانبارانە” وەک جار بە جار ناویان دەبەن ئەوا دەرەنجام رێککەوتنێکی شەرمەزارانە دەبێت کە کەس ناتوانێت پێی رازی بێت رەنگە هەندێک رازی بن بەڵام لە داهاتوودا گروپێکی یاخیبوو لە پەکەکە دەبینین، بەڵام ئەگەر چارەسەری کۆتایی ئەم پڕۆسەی ئاشتییە  شکۆمەند بێت ئەگەر هەنگاوە یاساییەکان بگیرێن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی کوردی لەناو تورکیا  ئەوا کەس ناتوانێت دژایەتی بکات.
تەنانەت ئەگەر گروپی بچووک دەرکەون خودی کوردەکان دژایەتی ئەم گروپە بچووکانە دەکەن کە دژایەتی هەر ئاشتییەک
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی و لە تورکیا بە تایبەتی دەکەن، چونکە وەک قسەکەری پێشوو گوتی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر عێراق و سووریا دەکات کوردەکانی سووریا و عێراق چاویان لەسەر تورکیایە، چونکە دەبینن ئەگەر تورکیا ناسەقامگیر بێت، عێراق یان کوردستانی عێراق و باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش ناسەقامگیردەبن  هەمیشە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر ئەم وڵاتانە گرێدراو بووە بەو کێشە ناوخۆییەی کە هەیەتی کەواتە خێراتر بگەنە ئاشتی باشترە بۆ هەموو لایەکان.

هیوا عوسمان و سەرمەد تائی لە POINT IRAQ بەشداربوون

هیوا عوسمان و سەرمەد تائی لە POINT IRAQ بەشداربوون