بەهۆی سێ تاوانەوە
ئاسایش و پۆلیسی هەولێر: پێنج تۆمەتبارمان دەستگیر کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
پۆلیس و ئاسایش هەولێر دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباریان راگەیاند کە بەشداربوون لە “سێ تاوانی کوشتن”، یەكێک لە دەستگیراوەکان بە رووداوی کوشتنەکەی بازاڕی کۆتری سەلام تۆمەتبارە.
هەروەک یەکێک لەو کەسانەی کوژراوە، ناوبژیوان بووە.
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو لە سێ کات و شوێنی جیاواز چەند رووداوێکی کوشتن لە شاری هەولێر و دەورووبەری روویاندا، ئاسایش و پۆلیسی هەولێر دەستیان بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە.
ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، “دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای هەولێر “پێنج” تۆمەتبار دەستگیر کران، تۆمەتباران (ع ، ع ، ع) و (ع ، ع ، ع) کاری شوفێری دەکەن لە نێوان هێڵی (بەغداد/هەولێر) لەسەر کارکردن کێشە لە نێوان چەند شوفێرێک و تۆمەتباران دروستبووە”.
ئەو کێشەیە لە نزیک بازگەی شێراوە رێگەی کەرکوک بۆ هەولێر روویداوە، سەر ئەنجام بووەتە هۆی کوژرانی هاوڵاتییەک بەناوی (مؤید عبداللە علیاوی) کە وەک ناوبژیوان لە ناو کێشەکەدا بووە.
هەروەها، تۆمەتبار ( أ ، هـ ، ح) لە رۆژی 27.10.2025 لە بازاڕی کۆتری سەلام لەشاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی هاوڵاتی(یوسف دەهلەوی) کە پێشتر هاوڕێی یەکتر بونە، دواتر تۆمەتباران ( ج ، م ، م) و ( م ، م ، م) کە خەڵکی وڵاتی سوریان، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڵاتییەکی تری خەڵکی سوریا بەناوی (شاهین حسین) کێشە لە نێوانیان دروست بوە و کوژراوە.
ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمشەو 28.10.2025 بڵاویان کردووەتەوە دەڵێن، سەرجەم تۆمەتبارانی ناو هاتوو رێکاری یاسای بەرامبەریان گیراوەتەبەر.