١٢٠ مەترییەکەی هەولێر لەشەودا

دیوێکی چراخان و ئەوەی تری تاریکستانە

 میدیازان – فەرمان سادق و عەلی زەیتۆ – هەولێر

 ساڵێک زیاترە، نیوەی شەقامی ١٢٠ مەتری هەولێر لە شەواندا تاریکەو هیچ رووناکیەکی نیە، بەڕێوەبەری کارەباش دەڵێ، محاویلەکان دزراون و پارە نیە بیانکڕینەوە.

 کامێرای میدیازان، دیوە تاریک و ئەنگوستەچاوەکەی شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری هەولێری تۆمار کردووە کە زۆر شوێنی هەیە ناچاری تەواوی لایتی و رووناکی ئۆتۆمبێلەکەت هەڵبکەی بۆ رووناک کردنەوەی شەقامەکە، لەم ڤیدۆیەدا لەگەڵ دیوەکەی تری بەراورد کردووە کە شەوانەی چراخانە.

 وەک لە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، دیوە تاریکەکەی هەولێر ئەگەر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەرەو رێگای کەرکوک و بنەسڵاوە بچیت، لە شەواندا تەواو تاریکەو رووناکی شەقامەکە کار ناکات، ئەمەش وایکردووە زۆرجار شوفێران بۆ رووناک کردنەوەی شەقامەکە پەنا بۆ فول لایت بەرن و تەواوی رووناکی ئۆتۆمبێلەکە داگیرسێنن.

“دیوە تاریکەکەی هەولێر، شوفێرانی ناچار دەکات پەنا بۆ فول لایت بەرن”

بە پێچەوانەوە، ئەگەر لای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر  بەرەو عەنکاوە بێیتەوە تا دەگەیتە لای بنەسڵاوە، ئەوا شوفیران لە تاریکی ئەنگوستەچاودا رزگاریان دەبێت.

تاڤگە کاکەسوور، بەڕێوەبەری کارەبای یەکی هەولێر بە میدیازانی وت، ئەو بەشەی شەقامی ١٢٠ مەتری لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ـەوە وەها تاریکە، چەندینجاریش نووسراو کراوە بۆ دابینکردنەوەی محاویلە بۆیان.

 میدیازان دەزانێت، لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ـدا حەوت محاویلەی کارەبا کە دەکەونە ناو بلوواری شەقامی ١٢٠ مەتری، دزران.

بەڕێوەبەری کارەبای یەکی هەولێر دەڵێ، تا ئێستا نەتوانراوە دزەکە دەستگیر بکرێت.

“کڕینەوەی حەوت محاویلە پارەیەکی زۆری دەوێت کە سەرووی ٥٠٠ هەزار دۆلارە، بۆیە لەم قۆناغە لەسەر پشکی داهاتی خۆمان گرنگی بە چاککردنەوەی محاویلەو تاوەرەکانی گەیاندنی کارەبا بە گەڕەکەکان و گوندەکان دراوە، بۆیە ئەوە دواخراوە”.