30 هەزار كەس لە یاریگەی فرانسۆ هەریریین
یاریی هەولێر و شوڕتە هێشتا دەستیپێنەكردووە و جەماوەریش بەشێكیان یاریگەیان جێهێشت
964+
عەبدولعەزیز خالند
تا نووسینی تێكستی ئەم ئازلایفە، هێشتا یاریی هەولێر و شوڕتە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە هەولێر دەستیپێنەكردووە، بەشێكی هاندەرانیش ناچارن بڕۆنەوە ماڵەوە، چونكە شوێن نییە لە یاریگە.
پەیامنێری 964 زانیاریی ئەوەی دەستكەوتووە نزیكەی 30 هەزار كەس هاتوونەتە یاریگەی فرانسۆ هەریری، بۆیە شوێن نییە و رێكخستنی یاریگە زۆر قورسە بۆ سەرپەرشتیارانی یاری، ناوبژیوانیش هێشتا فیكەی دەستپێكی لێنەداوە و چاوەڕێیە یاریگە رێكبخرێت و مەترسی لەسەر ژیانی هاندەران نەبێت.
هاوكات هاندەرێك، كە خاوەن پێداویستی تایبەتە، بۆ 964 قسەی كرد و گلەیی كرد لەو كەسانەی لە دەرگەی تایبەتی ئەوان پاسەوانن، پاڵیان پێوەناوە و رێزیان نەگرتووە.
ئەو هاندەرە ناوی خۆی نەگوت و بە تووڕەییەوە یاریگەی بەجێھێشت.
هاوكات هاندەرێكی دیكە بە ناوی ئەردەلان زیاد، بە 964ی وت، دەچێتەوە ماڵەوە و شوێنی دەستنەكەوتووە، وتیشی، دەرگاكانی یاریگە داخراون و شوێن نەماوە.
بەپێی زانیارییەكانی 964، هاندەرانی هەولێر لە سەعات 3ی ئێوارەوە روویان لە یاریگە كردووە بۆ بینینی یارییەكە.
ئەم وەرزە یەكەمجارە هەولێر لە یاریگەی خۆی یاریی بكات، چونكە یاریگەی فرانسۆ هەریری نۆژەندەكرایەوە و دوو سێ رۆژە كاری نۆژەنكردنەوەكە تەواو بووە.
نوێكرایەوە 6:36
دوای تێپەڕینی 36 خولەك بەسەر كاتی دیاریكراوی یارییەكە، دواجار یاریی هەولێر و شوڕتە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر دەستیپێكرد و یاریگە پڕپڕە لە هاندەر، كە بە 30 هەزار كەس دەخەملێندرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا