پۆستەری كاندیدەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
بڕیاری کۆمسیۆنە
رۆژانی دەنگدان هیچ رێگەیەک بەربەست ناکرێ و هاتوچۆ بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
لێژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا، رۆژی دەنگدان قەدەغەی هاتوچۆ نابێت و هیچ بەربەستێک لەسەر رێگاکان و ناوشارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دانانرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.10.2025، قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، لە هەردوو ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، جموجۆڵی هاووڵاتییان ئاسایی دەبێت و هیچ قەدەغەیەکی هاتوچۆ ەاناگەیەنرێت.
بەڵام، بردنەژوورەوەی کامێرا، مۆبایل، یان هەر ئامێرێکی وێنەگرتنی دیکە بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی نهێنی دەنگدان و سەلامەتی پرۆسەکە، ئەو وتی، لیژنەکەیان هەوڵ دەدات، کەش و هەوایەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هاوڵاتییان و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بتوانن بە ئاسایی سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، نابێت دەنگدەر هیچ ئامێرێکی تەکنەلۆژی، بەتایبەتی کامێرا و مۆبایل، لە کاتی دەنگداندا لەگەڵ خۆی ببات، و ئەگەر هەر کێشەیەک هەبوو، بەرپرسی بنکە دەتوانێت یارمەتی بدات.
ئەوە لە کاتێکدا، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شەش رۆژ پشووی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیاندووە.
لە 6.11.2025 تا 11.11.2025 دەوامی گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی و ناوەندەکانی ناحکومی نێودوەڵەتی دەبێتە پشوو و رۆژی چوارشەممە 12.11.2025 دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.