سەفا مەشهەدانی
وەزارەتی ناوخۆی عێراق
پێنج كەس بە تۆمەتی كوشتنی سەفا مەشهەدانی دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمشەو ئاشكرای كرد، پێنج كەسیان بە تۆمەتی كوشتنی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا و كاندید بۆ پەرلەمانی عێراق سەفا مەشهەدانی دەستگیر كرد.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە دا، هێزێک لە وەزارەتی ناوخۆ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێكی ورد و تایبەتیان ئەنجام دا، کە تێیدا پێنج تۆمەتبار دەستگیرکران کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، کە لە ناحیەی تارمییە لە باکووری بەغدا كوژرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئۆپەراسیۆنەکە بە پشتبەستن بە فەرمانی دادوەری ئەنجامدراوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەرچووە، هەروەها دوای هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییە چڕەکان و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان بووە، کە بووەتە هۆی دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان.
“تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەژێر چاودێری دادوەریدا بەردەوامن، دواتر وردەکارییەکان بۆ رای گشتی رادەگەیەندرێت، ” وەزارەتی ناوخۆ وادەڵێت.
رۆژی 15ی ئەم مانگە سەفا مەشهەدانی بەهۆی بۆمبێك، كە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لێكێندرابوو، لە باكووری بەغدا كوژرا و چوار كەسی تریش، كە لەگەڵیدا بوون، بریندار بوون.
كوژرانی مەشهەدانی كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا و فشاری زۆر لە حكومەتی عێراق كراوە بكوژانی بدۆزێتەوە.