نزیكه‌ى 300 سكاڵان
سكاڵاكانى دژى حه‌جاج راده‌ستى دادگاى ره‌سافه‌ى به‌غدا كران
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌و سكاڵایانه‌ى له دژى حەجاجی نوگرە سەلمان له شوێنه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان تۆمار كرابوون له‌لایه‌ن دادگاكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه راده‌ستى دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌سافه له به‌غدا كراون و باس له‌وه‌ده‌كرێت كه ژماره‌ى سكاڵاكان نزیكه‌ى 300 سكاڵایه.
رۆژی 1.8.2025 دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دوای زیاتر لە شەش مانگ توانیویانە حەجاج ئەحمەد حەردان لە پارێزگای موسەننا دەستگیر بکەن، كه یەکێک بوو لە داواکراوەکانی رژێمی پێشوو عێراق كه بە (حەجاجی نوگرە سەلمان) ناسراوبوو.
هابیل حاجى ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى مۆنۆمێنتى ئه‌نفال له چه‌مچه‌ماڵ به 964ـى راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه سكاڵاكان گه‌یشتوونه‌ته دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌سافه له به‌غدا و چاوه‌ڕێن لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ستپێبكات.
وتیشی “ژماره‌ى ئه‌و سكاڵایانه‌ى گه‌یشتوونه‌ته دادگاکە نزیكه‌ى 300 سكاڵایه به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له سكاڵاكاران ئه‌وكاته‌ى له نوگره‌سه‌لمان گیرابوون له ته‌مه‌نى منداڵی بوون، له‌وانه‌یه سكاڵاكه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی قانونى وه‌رنه‌گیرێت”.
له رۆژى 4.8.2025 له هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به وه‌رگرتن و تۆماركردنى سكاڵا له‌لایه‌ن كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌دژى ئه‌و تۆمه‌تباره له چه‌ند شوێنێكی هه‌رێمى كوردستان كرا، له‌و شوێنانه‌ش ، مۆنۆمێنتى ئه‌نفال له چه‌مچه‌ماڵ، ئیداره‌ى گه‌رمیان، ئه‌منه‌سووره‌كه له سلێمانى.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ى پێشتر 964 له‌لایه‌نه فه‌رمییه‌كان ده‌ستی كه‌تبوو، له چه‌مچه‌ماڵ 75 سكاڵا و له گه‌رمیانیش 182 سكاڵا و له سلێمانیش 50 سكاڵا له‌لایه‌ن كه‌سوكارى ئه‌نفالكراو و شه‌هیدانه‌وه له‌سه‌ر حه‌جاج تۆمار كرابوون.