21 هەزار وانەبێژ دووردەخرێنەوە
نووسراوەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک جێبەجی بکرێت دەبێت پرۆسەی خوێندن راگیرێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.10.2025 بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک پشتبەست بە نووسراوێکی وەزیری پەروەردەی عیراق، بڕیاری دا چیتر وانەبێژانی خۆبەخش وانە نەڵێنەوە و نەڕۆنە ناو قوتابخانەکان، بەرپرسێکی پەروەردەیش دەڵێت، نووسراوەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک سەربگرێت، ئەوە خوێندن لە چەندین قوتابخانە رادەگیرێت و پرۆسەی خوێندن لە تەواوی قوتابخانەکان بە کوردی وعەرەبی و تورکمانیەوە رادەوەستێت.
لە سنووری پەروەردەی کەرکوکدا 21 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن و لە قوتابخانەکان وانە دەڵێنەوە.
رەئوف محێدین بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی بە 964ـی وت، لە خوێندنی کوردیدا هەشت هەزار و لە خوێندنی عەرەبی و تورکمانی 13 هەزار مامۆستای وانەبێژی خۆبەشمان هەیە، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە نووسراوەکە ئاگادارکردووەتەوە، کە بڕیارێکی هەڵەیە ئەگەر جێبەجێ بکرێت.
وتیشی، دوای خانەنشینبوونی سێ مەوالید هیچ مامۆستایەک لە شوێنیاندا دانەمەزراون، وانەبێژانی خۆبەخش بۆشاییەکی زۆری نەبوونی مامۆستایان پڕکردووەتەوە، ئەگەر بێت و ئەو بڕیارە سەربگرێت، ئەوە زۆربەی زۆری قوتابخانەکان لە خوێندن رادەگیرێت و پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم بەشەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی رادەگیرێت پەکی دەکەوێت.
ریاز عەزاوی نوێنەری وانەبێژانی خۆبەخش بە 964ـی وت، نووسراوەکەی وەزیر دەڵێت وانەبێژی خۆبەخشی نوێ وەرمەگرن، بەڵام ن،وسراوەکەی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک دەڵێت وانەبێژ بەگشتی وەرمەگرن، واتا ناڕوونیەکی تێدایە و بەهەڵە ئاراستەکراوە، دەقی قسەکانی وەزیر نییە، ئەگەر وابێت ئەوە مانگرتنی سەرتاسەری رادەگەیەنین و هیچ مامۆستایەکی خۆبەخش ناچێتە ناو قوتابخانەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن رابگیرت.
هەفتەی رابردوو پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ وانەبێژانی خۆبەخش لە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە پێیانی راگەیاند، رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگیراوە، ئێوە بۆتان هەیە ناوی خۆتان لە لینکی دامەزراندنی حەوت هەزار پلە وەزیفییەکە تۆمار بکەن .
پەیامنێری 964 چەندین جار پەیوەندی بە مەنسور مزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردی کەرکوک کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکانی نەدایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی