دیمەنێک لە گرتەڤیدیۆییەکە وەرگیراوە کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە و رێکخراوەکان دیکۆمێنتیان کردووە
"وڵاتان عەوداڵی ئەو باڵندەن"
لەبارەی باڵندە “شاهین”ـەکەی گەرمیان داوای رێکار لە ئیدارەی شارەکە کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لە پێدەشتەکانی گەرمیان، باڵندەیەکی “شاهین” بینراوە، کە زیاتر لە پێنج کەس لە دەشتاییەکی کاکی بە کاکی گرتوویانە و بەرزی دەکەنەوە، وە یەکێکیان وا دەردەکەوێ ئاوی پێدا دەکات.
کاری ئەم گەنجانە، رێکخراوەکانی نیگەران کردووە و پارتی سەوزی کوردستان، داوایەکی بەپەلە ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان دەکات، رێکار بگرێتە بەر.
رۆژی هەینی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند گەنجێک بڵاویان کردووەتەوە کە باڵندەیەکی دەگمەنیان راوکردوە لە جۆری “شاهین”ـە کە گرانترین و بە نرخترین باڵندەیە لە جیهاندا، لە کوردستان چەند دانەیەکی کەم هەن، کە نرخی هەریەکێکیان بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێت.
چەندین جارە هەریەکە لە وڵاتانی ئیمارات ،سعودییە، ئوردن، قەتەر و چەندین وڵاتێکی تر داوایان کردووە کە بێنە کوردستان ئەو باڵندانە بگرن و بیبەنەوە بۆ وڵاتەکانییان.
ملکۆ بازیانی سەرۆکی پارتی سەوزی کورستان بە 964ی وت، ئێمە و رێکخراوە ژینگەیەکان نیگەرانی خۆمان رادەگەیەنین، ئەو داواکارییەشمان سکاڵایە و داوا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکەین بە زووترین کات ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن و رووبەرووی یاسا بکرێنەوە، وە سزای یاسای خۆیان وەرگرن.
ئەوان داوا دەکەن، ئەو باڵندەکەش بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو سروشت و ژینگەی خۆی، چونکە ئەوەی لە کوردەواریدا پێی دەڵێن “واشە” یان “شاهین” ئەمەیان لە هەڵۆ بچوکترە، بەڵام خێراتر، شێوەی زۆر جوان و سەرنجڕکێشە.
هەڵۆ و داڵ و باز نیشانەی ئازایەتی و بەئاگایی و وەفان، بۆیە لە زۆر وڵاتدا بوونەتە هێماو دروشمی ئەو وڵاتانە، ئەو باڵندانە بەگشتی رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە راگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی، بەتایبەتی کە کەلاکی ئاژەڵە مرداربووەکان دەخۆن، ئەوە ئەگەر ئەو ئاژەڵانە لەدەست شێر و گورگ و ورچ رزگاریان بوو.
مێژووی ڤیدیۆکە دیار نییە، بەڵام ئەو رێکخراوە ژینگەییە دەزانێ کە نوێیە، 964 چەندجارێک پەیوەندی کرد بە وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان هاشم عەلی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
ملکۆ بازیانی لەبارەی چارەنووسی “شاهین”ەکە وتی، پێمان وایە لە هەرێمی کوردستان نەبراوەتە دەرەوە، ئەو باڵندەیە بەها و قیمەتێکی تایبەتی هەیە، زۆر کە بەرامبەر نەوت دەیشوبهێنن و هاوشێوەی ئەو فڕۆکە دروست کراوە لە جۆری “b22″ی ئەمریکی. ئەو فڕۆکە بەم دواییانە لە هێرشی سەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ لە ئێران بەکارهێنرا.
داواکارییەکی پارتی سەوزی کوردستان؛
پارتی سەوزی کوردستان، داوایەکی بەپەلە ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان دەکات.
دوێنێ لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان چەند گەنجێک بڵاویان کردۆتەوە کە باڵندەیەکی دەگمەنیان راوکردوە لە جۆری (شاهین)ـە کە گرانترین و بە نرخترین باڵندەیە لە جیهاندا، لە کوردستان چەند دانەیەکەمان هەیە کە نرخی هەریەکێکیان بە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێت، چەندین جارە هەریەکە لە وڵاتانی ئیمارات،سعودییە،ئوردن،قەتەر و چەندین وڵاتی تر داوایان کردووە کە بێنە کوردستان ئەو باڵندانە بگرن وبیبەنە وڵاتەکانییان .
ئێمە لە پارتی سەوزی کوردستان و رێکخراوە ژینگەیەکان نیگەرانی خۆمان رادەگەین داوا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکەین بە زووترین کات ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن و رووبەرووی یاسای بکرێنە و سزای یاسای خۆیان وەرگرن و باڵندەکەش بگەڕێندرێتەوە بۆ ناو سروشت و ژینگەی خۆی.پارتی سەوزی کوردستان
١٨/١٠/٢٠٢٥