باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق - وێنە: سەرۆکایەتی کۆمار
لە ساڵیادی پەسەندکردنی دەستوور
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق داوای دەرکردنی نۆ یاسا دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی كۆمار لەبیستەمین ساڵیادی پەسەندكردنی دەستووری كۆماری عێراق، داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات نۆ یاسا دەربكات، کە رەشنووسەکانی ئاڕاستە کراوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت، لە 15ی ئۆكتۆبەری 2005 گەلەكەمان لەریفراندۆمێكی مێژوویی جەماوەریدا ڕای خۆی دەربڕی و دەستووری كۆماری عێراقی پەسەند كرد ئەم ڕۆژە وەرچەرخانێكی نیشتمانی بوو لەپرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق و گواستنەوەی لە ڕژێمێكی ناوەندی تۆتالیتارییەوە بۆ سیستمێكی دیموكراسی.
دەستوور بەرهەمی هەڵبژاردنێكی نیشتمانی ئازاد و بەرپرسیارانە بوو، هەروەها دەرئەنجامی كۆدەنگییەكی هەمەلایەنەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بوو كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراقی لە عەرەب، كورد، توركمان، كریستیان – و پێكهاتەكانی دیكەی كۆكردەوە، بۆ پێكهێنانی ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتی و سیاسییەی كەژیانی گشتی ڕێكدەخات و ماف و ئەركەكان مسۆگەر دەكات و بنەمای هاوبەشی لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاراستنی یەكگرتووییەكەیدا چەسپاند.
لەو بەیانەدا سەرۆکایەتییەکە دەڵێ، هەر بەم بۆنە نیشتمانییەوە، سەرۆكایەتی كۆمار دووپاتی دەكاتەوە كە عێراقییەكان جگە لەبژاردەی دەستووری بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی و كێشەكان هیچ بژاردەیەكی دیكەیان نییە، پابەندبوون بەدەستوور و جێبەجێكردنی بڕگەكانی، چ دەق و چ ناوەڕۆك بێت، تاكە ڕێگایە بۆ پاراستنی سیستمی دیموكراسی و پاراستنی یەكگرتوویی وڵات.
هەروەها جەختیش دەكەینەوە كە ئەو گۆڕانكارییە دەستورییەی كە عێراق بیست ساڵ لەمەوبەر گەواهیدەری بوو، وەرچەرخانێكی بنەڕەتی بوو لە سیستمێكی ناوەندی تۆتالیتارییەوە كەبڕیارەكانی دەوڵەتی قۆرخ دەكرد بۆ سیستمێكی فیدراڵی دیموكراسی لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و دەستەبەركردنی بەشداریكردن و ڕێزگرتن لەفرەچەشنی و فرەیی لە چوارچێوەی یەكێتی نیشتمانیدا.
لەبیستەمین ساڵیادی پەسەندكردنی دەستووری كۆماری عێراق، سەرۆكایەتی كۆمار داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، ئەو پڕۆژە یاسایانە پەسەند بكات كەپێشكەشی ئەنجوومەنی بەڕێزی كردووە، وەك یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای دەستەی باڵای یارمەتیدانی ژنان، یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە دەروونییەكان، یاسای خەڵاتی داهێنەری عێراق، یاسای دابەشكردنی زەوییە نیشتەجێبوونەكان، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، یاسای وەرگرتنەوەی داهاتی گەندەڵی، جگە لەچەند پڕۆژە یاسای وەك یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە.
هەروەها داوا لە هێزە سیاسییەكان و دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن دەكەین كاربكەن بۆ خێراكردنی تەواوكردنی ئەو یاسایانەی لە دەستووردا دیاریكراون وەك جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستوور و یاسای نەوت و گاز، بۆ دەستەبەركردنی دادپەروەری دەستووری و سەقامگیری نیشتیمانی.