نەتەوە یەكگرتووەكان:

بونیادنانەوەی غەززە نزیكەی 70 ملیار دۆلاری دەوێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەرپرسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان جاکۆ سیلیێرس، رایگەیاند تێچووی دووبارە بونیادنانەوەی کەرتی غەززە بە نزیکەی 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە جنێڤ، جاكۆ سیلیێرس ئاماژەی بە بەڵێنی  چەند وڵاتێک کرد، لەوانە ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی، کە ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ بەشداریکردن لەم هەوڵە بەرفراوانەدا.

وتیشی، “بەرنامەکە پێشتر ئاماژەی زۆر باشی وەرگرتووە”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر قەبارە یان سروشتی بەڵێننامەکان بخاتەڕوو.

روونیشی کردەوە، “جەنگی دوو ساڵە لانیکەم 55 ملیۆن تۆن داروپەردووی لە دوای خۆیدا بەجێهێشتووە”.

سیلیێرس وتی، “قۆناغی داهاتوو شایەتحاڵی هەوڵە چڕەکان دەبێت بۆ کۆکردنەوەی بودجەی نێودەوڵەتی و دەستپێکردنی پلانی ئاوەدانکردنەوە، ئەولەویەتەکە هەماهەنگی پاڵپشتی نێوان وڵاتانی بەخشەر و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت بۆ دڵنیابوون لە ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و سەلامەتی غەززە”.

بەرپرسی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان ئاماژەی بەوەش کرد، “قەبارەی وێرانکارییەکە پێویستی بە پلانێکی گشتگیر هەیە، کە بە لابردنی داروپەردوو و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی دەستپێدەکات، لەوانەش قوتابخانە و نەخۆشخانەکان و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا، بە ئامانجی خێراکردنی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ كەرتی غەززە”.

دوای دوو ساڵ شەڕ، دوێنێ رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بە سەركردایەتی سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی میسر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتان لە شەرەمولشێخ لە میسر واژۆ كرا.

ترەمپ گەیشتە شەرەم شێخ و لووتكەی ئاشتی دەستپێدەكات

ترەمپ گەیشتە شەرەم شێخ و لووتكەی ئاشتی دەستپێدەكات