لۆگۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان - گرافیک: 964
كۆمسیۆنی هەڵبژاردن:
پەنجەمۆری دەنگدەر دوای دەنگدان 72 كاتژمێر دەوەستێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پشتڕاستی کردەوە کە کۆکردنەوە یان کڕینی کارتی دەنگدەر لەلایەن هەندێک قەوارە یان کەسایەتییەوە بە “تاوانی هەڵبژاردن” هەژمار دەكرێت، ئاشكراشی كرد، كارتی دەنگدەر پەنجەمۆری بەشێوەی سێ رەهەندی لەسەرە و دوای دەنگدان راستەوخۆ 72 كاتژمێر لە لەكار دەخرێت.
جێگری وتەبێژی کۆمسیۆن، نیبراس ئەبو سودە ئەمڕۆ یەکشەممە 12.10.2025 بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سەرپێچیکارانی كڕینی كارتی دەنگدەران لە هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە و رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن و رێوشوێنی رێگریکردن بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
وتیشی، پاراستنی ئیرادەی دەنگدەران و پاراستنی یەکپارچەیی هەڵبژاردن بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە.
دەشڵێت: “کۆمسیۆن بەوپەڕی جددییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتانە دەکات، کە باس لە کۆکردنەوە یان کڕینی کارتی دەنگدەر لە هەندێک قەوارە یان کەسایەتیدا دەکەن”.
“ئەم کارانە (ئەگەر بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بسەلمێنرێن) تاوانێکی گەورەی هەڵبژاردنە، کە ئامانج لێی دروستكردنی کاریگەرییە لەسەر ئیرادەی دەنگدەران، مەترسی لەسەر ژینگەی هەڵبژاردن و ستانداردەکانی یەکپارچەییش دروست دەكات، ئەمەش بە هیچ شێوەیەك كۆمسیۆن قبوشتێک کە کۆمیسیۆن ناتوانێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناكات”.
كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماری دەنگدەران چاپ دەكات
جێگری وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاشكرای دەكات، “کارتەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تەنیا لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاربهێنرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سێ رەهەندی، دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر ناچالاک دەکرێت”.
هەروەها روونیدەكاتەوە، کارتەکە تەنیا بە دەنگدەر یان ئەندامێکی خێزانەکە دەدرێت دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان وەک تاکی خێزان لەسەر کارتی بەشەخۆراک، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی یان دەستکاریکردنی”.
“تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی دەنگدەر دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای هەڵبژاردن ژمارە (12)ی ساڵی 2018 و هەموارکردنەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2023، و تاوانەکانی وەک: دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کارتی دەنگدەر، کڕین یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، خۆدزینەوە لە دەنگدەرێکی دیکە یان دەنگدان لە شوێنی ئەوان، بەکارهێنانی کارتەکە بۆ کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرێتەوە”، نیبراس ئەبو سودە وای وت.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11.11.2025 دەكرێت و ئێستا هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیست و كاندیدەكان بەڕێوەدەچێت، لێرەولەوێش باس لە كڕینی دەنگ و كارتی دەنگدان دەكرێت.