پارێزگای سلێمانی. فۆتۆ/سۆشیاڵ میدیا
لیژنەی باڵای ئارامیی سلێمانی
“ئەوەی پابەندی رێنماییەكانی هەڵبژاردن نەبێت سزا دەدرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8.10.2025 پارێزگار هەڤاڵ ئەبوبەكر لە دیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ کرد، كە خۆی سەرۆكی لیژنەكەیە.
وەك ئاماژەی پێكراوە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوە، لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و رێنمایی و رێکارەکانی پێشوو.
هەروەها ئەوەش خرایەڕوو، ئەم رێنماییانەش پەسەندکران بە مەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێکی دروست.
1- پێویستە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ، پابەندی تەواوی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ، ژمارە (30949) لە 6.10.2025 و بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یاسا و بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ بن، بەپێی ئەرک و تایبەتمەندیی دیاریکراوی خۆیان.
2- پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و رێنمایی و راسپاردەکانی خاڵی (1)ی ئەم نووسراوە بن.
3- سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، رێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو رێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە (غەرامە) دەکرێن.
4- کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی فیدراڵ و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای یاسایی و غەرامەی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.
5- وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
6- لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوە و سەرپێچیکار بەپێی رێنماییەکانیان تاڕادەی دوورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی رێنماییەکان بن.
7- هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.
8- پێویستە چاودێر و راگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتییەکان، باجی رێپێدانی فەرمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.
بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ پێش ئەوەش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.