سبەی بارانە

هەولێر خۆی بۆ باران ئامادە دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیمەكانی شارەوانی و ژینگەپارێزی لە هەولێر، بەخۆكەوتوون و لە ترسی باران و لافاو خەریكی پاككردنەوەی تۆڕەكانی ئاو و رێڕەوە سروشتییەکانی ئاو و چاڵەكانن.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی لافاو لەسەر شاری هەولێر و ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ ، دەستکرا بە خاوێنكردنەوەی تۆڕەكانی ئاوەڕۆ و رێڕەوە سروشتییەکانی ئاوی باران و چاڵەکانی وەرگرتنی ئاو، ئەمەش لە سنووری شارەوانییەکانی کەسنەزان، قوشتەپە و دارەتوو.

هەروەها ئاماژەیان بەوە كردووە، چەند كەندێكی سروشتی و رێڕەوە ئاوییەكانی ناحیەی دارەتوو، هەروەها کەمپی ئاوارەکان لە قوشتەپە و سنووری شارەوانی پێنج، لەلایەن تیمەکانی ئاودێریی هەولێر پاككرانەوە و مەترسی دروستبوونی لافاویان نەهێشتووە.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، سبەی بارانێكی نەرم لە ناوچە سنوورییەكان دەبارێت، كە یەكەم بارانی ئەمساڵ دەبێت، بەڵام چ باس نییە لە ناو شارەكان ببارێت.

هەولێر دەمێكە خۆی حازر دەكات و لە رۆژانی پێشووشدا چەندین رێڕەوی دیكەی ئاوی سروشتی و چەپەرەكانی ئاو لە دەوروبەری هەولێر و بە تایبەتی لە رۆژئاوای هەولێر لە لایەن تیمەكانی شارەوانی پاككرانەوە، چونكە هەولێر لە چەند ساڵی رابردوو تووشی كێشەی زۆر بووە لەدەست ئاوی باران و دروستبوونی لافاو، دیارترینیان لافاوەكەی ناحیەی دارەتوو بوو، كە لە 17.12.2021 روویدا و دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و زەرەر و زیانی زۆریشی بە ماڵ و ترومبێل و كار و كەسابەتی خەڵك گەیاند.