بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەكان

بیتكۆین و كریپتۆ خراپ دابەزین و ئیسریەمیش زیانی زۆری بەركەوت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دیسان سەرۆكی ئەمریكا ئاگری لە بۆرسەی دراوە دیجیتاڵییەكان بەردا و پشتی دراوەكانی بیتكۆین و كریپتۆ و ئیسریەمی شكاند.

بە گوێرەی نرخەكانی ئەمڕۆ شەممە 11.10.2025 بیتکۆین  112 هەزار و 300 دۆلارە و بەراورد بە دوێنێ نزیكەی هەزار دۆلاری دیكەش دابەزی، دوای ئەوەی دوێنێ لەناكاو داڕما و نرخی هەر بیتكۆینێك 10 هەزار دۆلاری لەدەست دا.

هەر لەگەڵ بیتكۆین نرخی دراوی كریپتۆ و هەروەها ئیسریەمیش دابەزی، كە ئەویش دراوێكی دیكەیە و لە پلەی دووەمی ئەو دراوانەیە كە زۆرترین زیانی پێكەوت.

ئەم بارودۆخە پێشهاتی زۆر چاوەڕواننەكراوی بۆ ئەو دراوانە هێنایە پێش و بە هەزاران كەس زەرەرمەند بوون.

بەپێی لێكدانەوەی شارەزایانی بازاڕی دراوە ئەلیكترۆنییەكان، تا دوێنێ هەینی نرخی ئەو دراوانە بە گشتی زیانی 168 ملیار دۆلاری بە بۆرسە گەیاند.

ئەو داڕمانەی بازاڕی دراوە ئەلیكترۆنییەكان پەیوەندی بە پۆستێكی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هەیە، كە لە ترووس سۆشیال بڵاویكردەوە و باسی لە سەپاندنی پێناسی نوێی گومرگی بەسەر چیندا كرد، ئەمە جگە لەوەی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر چین هەر لە سیاسەتی ئابووریی خۆی بەردەوام بێت، ئەوا دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتەش هەڵدەوەشێنێتەوە، كە پلانی وابوو لەم ماوەیەدا یەكتر ببینن.

بازاڕی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان داڕمایەوە

بازاڕی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان داڕمایەوە