وەزارەتی ناوخۆ پاش پێنج ساڵ؛

“هەندێک هێز و کەسایەتی رێگرن لە ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال”

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشوەنەچوونی ئاسایبوونەوەی دۆخی شنگال دەڵێت، هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.10.2025، پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژۆکردنی رێکەوتنی شنگال بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەکان، کە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامیان دا.

لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینیوویەتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێ، بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا رێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال.

ئەو رێکەوتنە نەخشە رێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان، ئەمە قسەی وەزارەتەکە و دەشڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەیە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیکەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان.

رێکەوتنەکە، واژۆی حەمید رەشید فەلیح، نوێنەری حکومەتی عێراق و رێبەر ئەحمەد، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە: لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارۆچکەی شنگال و، بە گوێرەی بنەما دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی کۆژانەکانی خەڵکی شنگال وەک دەستپێشخەرییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچکەکە، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

1. تەوەری کارگێڕی:

– دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێکارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.

– لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی هەردوولاوە دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان رەچاودەکرێت.

2. تەوەری ئەمنی:

– تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

– لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچکەکە بەهێز دەکرێت کە لەو هێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.

– کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.

3. تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاریدەکرێت.

4. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رەوتی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پێکدەهێنرێت.

رۆژی هەینی 09-10-2020، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کۆبوونەوە.

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە دۆخێکی نائاسایی رووی لە شنگال کردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەمان و، کۆبوونەوەکەی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شارەکە بوو.

پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر واژووکردنی ڕێکەوتنی شنگال و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری و ئەمنی بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون. ئەو ڕێکەوتنە نەخشە ڕێگای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و گێرانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاری حکومەتی فیدراڵ. هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان کە خۆیان لەسەرووی یاسا و رێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکی بەردەم جێبەجێکردنن. ئەمەش بۆتە هۆکاری بەردەوامی نەهامەتی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەیە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیکەی رەسەن بۆ زێدی خۆیان. بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شنگال .
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥