زەویەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت
110 جوتیاری ناحیەی گردەسێن لە ئاکرێ هاواریان لێ هەستاوە
964+
ژووری هەواڵ
ژمارەیەک جوتیاری ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ ناڕازین لەوەی زەویە کشتوکاڵیەکانیان دەستنیشانکراوە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمەنبەران و بەرپرسە ئیداریەکانی ناوچەکەش دەڵێن، “با بێ خەم بن قەرەبویان دەکەینەوە”.
نوێنەری ئەو جوتیارانە بە 964ـی وت، “دەمانەوێت جێگەی دابەشکردنی زەویەکان لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکانی ئێمە نەبێت، چونکە ژیان و بژێوی بە دەیان خێزان لەسەر ئەم زەویانەیە و ئەم کارە زیان بە ئێمە دەگەێنێت”.
سەعید قادر لەبارەی بڕیارە ئیداریەکەی ناحیەکەیان کە باس لە قەرەبوو دەکەن دەڵێت، “ئەو قەرەبوەی دەیکەن، سوودی نیە چونکە جگە لەوەی ئێمە زەویەکانمان لە دەست دەدەین و کشتوکاڵی ناوچەکە لەدەست ئەچێ، لەو جێگایانەی قەرەبومان دەکەن ناتوانین هەمان کار بکەین و سودی نیە بۆمان، سەرەڕای ئەوەی ئەو زەویانەی پێمان دەدەن بەهای نیە لە بازاڕی کڕین و فرۆشتندا”.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆکی شارەوانی ناحیەی گردەسێن بە 964ـی وت، “لە چوارچێوەی داواکاری فەرمانبەرەکان ئێمە ئەو شوێنەمان دەستنیشان کردووە، بەڵام ئەگەر جوتیارەکان هەر ناڕازی بن ئەوە با خەمیان نەبێت و قەرەبویان دەکەینەوە “.
فوئاد محەمەد لەبارەی چۆنیەتی قەرەبوکردنەوەکە ئاماژەی بەوەدا، “ئەو جوتیارانەی گرێبەستی زەویەکانیان هەیە بە رێژەی %3، ئەوانەی تاپۆیان هەیە و موڵکی خۆیانە، بە رێژەی %12 قەرەبویان دەکەینەوە، بە کۆی گشتی بۆ هەر 25 دۆنم زەویەکی کشتوکاڵی، هەزار و 875 مەتر دووجا زەوی نیشتەجێبوون دەدرێت بە جوتیارەکان”.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ناو بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی لە ناحیەی گردەسێن گەڕاونەتەوە و چاوەڕێ دەکەن زەویەکانیان بەسەردا دابەش بکرێت.