دیداری ساڵانی سەرۆکی هەرێم
سەعاتێک لە شەرحی حاڵی خۆمان هەتا ئەوپەڕی دنیا
ژووری هەواڵ
هەموو ساڵێک کە سەرۆکی هەرێم دەچێتە سەر ستەیجی (مێری) چاوی زۆری لەسەرە، چونکە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان دەیانەوێت لە رێی ئەوەوە لە دنیابینی هەرێم تێبگەن، خەڵکی خۆیشمان بۆیان گرنگە، دەزانن لە نێوان دێڕەکاندا هەندێ پەیام دەنێرێت کە شەرحی حاڵی ئێستاو رۆژانی داهاتوو دەکات.
ئەمساڵیش وەک ساڵەکانی پێشوو تەماشاوانی پانێڵەکەی سەرۆکی هەرێم زۆر بوون، پانێڵەکەی سەعاتێک و پێنج خولەک بوو، قسەی لەسەر زۆر بابەتی گرنگ کرد، هەر لە وەزعی خۆمانەوە تا دەگاتە بەغدا، لەوێوە بۆ ئێران و سوریا و تورکیا، ئینجا ئەمەریکاو جیهانیش، هەموو جارێکیش بە لێزانی و دەستوورە تایبەتەکەی خۆی بە نەرمی قسە دەکات و ناوە ناوەش بە نوکتەو باسێکی خۆش وادەکات گوێگرەکانی بێتاقەت نەبن و قسەکانی وەک خۆی بگات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08.10.2025 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە دیداری مێری بوو (ئینستیتیوتی رۆژهاڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە)، لە ژووری هەواڵی 964 تەماشای دیدارەکە کرا، ئەمە پوختەی قسە گرنگەکانی بوو.
دەستکەوتەکە دەستوورە، بەڵام..
ئێمە بەو هیوایە بووین عێراقێک دابمەزرێت کۆتایی بەو نەهامەتی و ماڵوێرانییە بێنێت کە بەسەر کورددا هاتووە. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە دوای 20 ساڵ چ دەستکەوتێکمان بەدەستهێناوە؟ بە رای من خودی دەستووری عێراق وەکو بهڵگهنامهيهك دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ هەرێمی کوردستان، نابێ ئێمە بە کەم سەیری بکەین.
هەموو ئەم کێشانەی کە ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان دەیانبینین لەگەڵ بەغدا لەسەر نەوت، بودجە و مادەی 140 و پێشمەرگە، هەمووی سەرچاوەی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا دەستووری عێراق وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکەن، لە هیچ سیستمێکی فیدراڵی نابینرێت، ئەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێزە، جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (چوارچێوەی هاوئاهەنگی) کە لە هێزە شیعییەکان پێکهاتووە، گوتم: برایان با راشکاوبم لەگەڵتان، ئێوە کە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، نەک پێتان وایە ههڵسوكهوتى هەرێمی کوردستان هی وڵاتێکی فیدراڵ نییە، بەڵکو خۆتان بە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دەزانن، بەڵام ئەوەی کە ئێمەش لە هەولێرەوە سەیری ئێوە دەکەین، رەفتاری ئێوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەوەندە ناوهندييه، هەموو شتێکە بەس فیدراڵی نییە، با دابنیشین پێکەوە بزانین لە کوێ ئێمە یەکتر دەگرینەوە.
ئەمەیان گرنگترین هەڵبژاردنە
پێموایە ئەم هەڵبژاردنەی لەپێشـمانە یەکجار زۆر گرنگە، دوای 2005 ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە عێراقدا، ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردن نییە، دەمەوێ گرنگیی هەڵبژاردنەکە باس بکەم، هەڵبژاردنی 2005 چەند گرنگ بوو بۆ دیموکراسیی عێراق، ئەم هەڵبژاردنەش قۆناغێکی نوێیە لەم وڵاتە کە دەبێ هەموو عێراقییەکان ئەم پرسە زۆر زۆر بە گرنگ بزانن و هەست بەو بەرپرسیاريهتییەش بکەن.
پەیوەندی ناوخۆ باشە
پرۆسەی دروستکردنی حکومەت زۆری خایاند، بەڵام ئەوەی کە گرنگه ئێمە لەگەڵ برایانی خۆمان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێستا پەیوەندیی نێوان ئەم دوو هێزە زۆر باشترە لە جاران، راستە نەگەیشتووینەتە قۆناعی پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام ئێمە قۆناعی زۆر گرنگمان بڕیوە لەگەڵ یەکتر.
جێگرەوە چییە؟
لە رووی سیاسییەوە باوەڕ ناکەم گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر هەڵبژاردن نەکەین، جێگرەوەی چی دەبێت؟ عێراق تازە ناگەڕێتەوە بۆ حوکمی دیکتاتۆری و بگەڕێتەوە بۆ حوکمی تاکەکەسی، ئەمە تەواو بووە لە عێراق. ئەوەی کە هەیە میکانیزمی گۆڕان ئێستا لە عێراق هەڵبژاردنە.
شەش ملیار دۆلار بۆ موچە
هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران دوور لەوەی حیسابی ئەوە بکات ئاخۆ جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە یان نا؟ دەبێ هەندێک بڕیاری زۆر قورس بدات، عێراق وڵاتێکە زۆر سەیرە، بۆ نموونە وڵاتێکە تەنیا بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانە، نزیکەی شەش ملیار دۆلارى پێویستە. لە کوێی جیهان ئەمە هەیە؟! حکومەتی داهاتوی عێراق پێویستە زۆر بە جددی هەوڵ بدات چاکسازیی جددی لەنێو دامەزراوەکانی حکومەتدا بکات. داینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەیە.
سەعاتێک وانەی سەروەریمان پێ دەڵێن
بۆردومانی هەرێمی کوردستانیان کرد بە درۆن. لە کۆمپانیاکانی نەوتیان دا. لە فڕۆکەخانەی هەولێر هەوڵ درا. تەنیا پرسیارەکەم ئەوەیە: عێراق چ قازانجێک دەکات لەو شتە؟ قازانجی عێراق چییە؟
ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان کردیان بە رای من زەبرێک بوو بۆ هەموو عێراق و کەمتەرخەمییەکی زۆریش کرا لەلایەن بەغداوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێزانە، بەغدا زۆر باشتر لە ئێمە دەزانێت کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام دەبووایە هەڵوێستێكی جددیان هەبێت لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ئەوە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ هەرێمی کوردستان، بە راستی ئەوە شکاندنی شکۆی هەموو دامەزراوەکانی عێراقە. ئەوە دژی هەموو دەسەڵاتی عێراقە کە خۆی بە وڵاتێکی خاوهن سهروهرى دەزانێت. دژی سەروەریی عێراقە.
با من بەو شێوەیە قسە بکەم، ئێمە کە دەچینە بەغدا سەعاتێک وانەمان پێدەڵێن لەسەر سەروەریی عێراق و فڵان، بەڵام کە دێتە سەر ئەو شتانە زۆر بە ئاسایی وەردەگیرێت هێزێکی چەکدار بێت و بە درۆن هێرش بکاتە سەر هەرێمێک کە بەشێکە لە عێراق، وەڵامدەریش نەبێت و کەسیش پرسیار نەکات! پرسی درۆن بە شێوەیەکی گشتی ئێستا بووەتە کێشەیەکی گەورە، بەڵام ئەو کێشەیە لە عێراقدا ئەوە نییە کە خەڵکێک بەکاری دەهێنن، بەڵکو هێزێکی چەکدار ئەمانە بەکاردێنن کە مووچەی خۆی لە حکوومەتی عێراق وەردەگرێت. مەترسییەکە لەوەدایە.
سەرچاوەی هەڕەشە نین بۆ ئێران
لەگەڵ ئێران دوو شت هەن، یەکەمیان ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، ئێمە سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووین و نین کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران تێکبچێت، لە هەمان کاتدا، ئێمە سەرچاوەی هەڕەشەش نین بۆ ئێران، نامانەوێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە هیچ دژایەتییەکی هیچ دراوسێیەکی ئێمە بکرێت، بە هیچ شێوەیەک. ئێرانیش لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەیە کە نامانەوێت هەرگیز ببینە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئەو وڵاتە، ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمە دەمانەوێت هۆکاری ئاسایش بین لە ناوچەکە نەک هۆکاری تێکدان، ئەمە سیاسەتی هەرێمی کوردستانە.
پشوو درێژی دەوێت
ئەگەر باسی پەیوەنديی بکەم، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانەمان لەگەڵ تورکیادا هەیە. هەم لە رووی ئابوورییەوە، هەم لە رووی سیاسیشەوە، پەیوەندییەکی زۆر جیاوازمان هەیە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ تورکیادا بپارێزێت، سەبارەت بەو پرۆسەیەی لە تورکیا دەستی پێکردووە، ئینجا ناوی هەر چییەک بێت، بە بڕوای من، دوای ئەوەی کە سەرۆکی تورکیام بینی، هەست دەکەم تورکیا زۆر جدییە لەسەر ئەم پرۆسەیە، پرۆسەکە ئەگەر خاویش بێت، ئەگەر لەسەرخۆش بێت، بەڵام بڕیارێکی جددی لە تورکیا هەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام بگات، بەڵام دەبێت پشووی ئێمەش کورت نەبێت.
زوو بڕۆنە دیمەشق
قسەی ئێمە چۆن بووە بۆ برایانی خۆمان لە سووریا، قسەی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەبوو، بە زووترین کات بڕۆن بۆ دیمەشق، ئاڵاى نوێی سووریای نوێ هەڵگرن، خۆتان بە خاوەن پرۆسەی سیاسی بزانن، ئۆفیسێک لە دیمەشق بکەنەوە، خۆتان بە خاوەن ماڵ بزانن، با لەناو پرۆسەی سیاسیی سووریادا بەشدارییەکی کاراتان هەبێت. قسەکەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا ڕێک ئەوەیە، بڕۆن بۆ دیمەشق، دیمەشق پایتەختی خۆتانە، وڵاتی خۆتانە، نابێت چاوەڕێی هیچ شتێک بکەن. نازانم ئێستا ئەوان چاوەڕێی چى دەکەن؟! چاوەڕێی چ گۆڕینێک دەکەن؟! پێیانوایە چ گۆڕینێک دەبێت؟ هەر گۆڕینێک ڕووبدات، بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە لەگەڵ دیمەشق ڕێگەیەک بدۆزنەوە. رێگەی چارەسەر لەگەڵ دیمەشق بدۆزنەوە. ئینجا کێ زووتر دەستپێشخەریی دەکات و کێ چی دەکات؟ بۆ نموونە، پێموایە، ئەوەی کە پێیانگوترابوو دەبێت بێن خۆتان لەنێو سوپای سووریادا بتوێننەوە. ئەوە دروست نییە، ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە، هەمووتان یەک یەک وەرن، ئەوە ناکرێت و قبووڵ ناکرێت. دەکرێ شتی دیکە بدۆزنەوە.
لە قۆناغێکی ناخۆشدا یارمەتییان داین
ئێمە پشتگیری لە سیاسەتی سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشتگیری لە سیاسەتی دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بێت لە غەززە، هەرچی زووە، ئێمە پێمانوایە، وەک کورد، وەک ئەمهریکا و وەک عێراقیش، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمهریکا هەیە، پەیوەندییەک کە شتێکی نوێ نییە، شتێکی کۆنە، لە قۆناغی زۆر ناخۆشدا ئەمهریکا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە، ئێمە سوپاسیان دەکەین. بە راستی، ئێمە بەبێ یارمەتیدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەسەرووی هەموویانەوە ئەمهریکا، نەماندەتوانی داعش رابگرین، ئەمە واقیعێکە، ئێمە نەماندەتوانی، بە خوێنی پێشمەرگە بوو، بەڵام بە یارمەتی ئەوان بوو، ئێمە توانیمان داعش راگرین، ئێمە سوپاسیان دەکەین، رۆڵیشیان رۆڵی یارمەتیدەرە بۆ هەرێمی کوردستان. ئەم ئیدارەیە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ترەمپ، وەکو دەرفەت سەیری دەکەین، نەک وەک ئاڵنگاری.