داواکاری کێڵگە پەلەوەرییەکانە

مریشک بۆرسەی نرخی دەوێ و دەبێ بەهاکەی دیاریکراو بێت

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی داوا دەکەن، بۆرسەیەکی تایبەت بە دیاریکردنی نرخ بۆ مریشک بکرێتەوە، ئەوەشیان بە فەرمی و وەک داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە.

نازم عەبدوڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، داوایان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە هەستن بە دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ دروستکردنی بۆرسەیەکی دیاریکردنی نرخ بۆ مریشک، تیایدا نرخی مریشک لە رۆژدا دیاریبکرێت، نەک کاتێک مریشک لە ناو کێڵگەکان باردەکرێت دەفرۆشرێت پاشان نرخ دیاری دەکرێت، ئەوەش زیانی زۆرە بۆ خاوەن کێڵگەکان.

ئەو بەرپرسەی کێڵگە پەلەوەرییەکان باسی لەوەکرد، حکومەت دەتوانێت ئەو کارە رێکبخات و لە رێگەی کۆمەڵەکەیانەوە بکرێت و نرخ دیاری بکرێت، پاشان بخرێتە بازارەوە، زۆر دەمێکە داوایان لە حکومەت کردووە نرخ بۆ مریشک دابنێت، بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە.

نیگەرانن بەرامبەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کردنەوەی مۆڵەت بۆ دامەزراندنی کێڵگەی پەلەوەری، بێ ئەوەی راوێژێک لەگەڵ کۆمەڵەکەیاندا بکرێت، چونکە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147 هەزار تۆن مریشکە، بەڵام بەرهەم دەگاتە 400 هەزار تۆن.

هەربۆیە، وەک نازم عەبدوڵا دەڵێ، پێویستە حکومەت و وەزارەت بازاڕ بۆ ئەو کەرتە بکەنەوە نەک زیانیان پێبگەیەنن بە زیادکردن و پێدانی مۆڵەت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ساڵانە 250 تۆن مریشکمان بۆ ...

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان: ساڵانە 250 تۆن مریشکمان بۆ ساغنابێتەوە