سوپاس بۆ ئەو هەموو كار و بەرهەم و تێكۆشانە

هونەرگەها وڵات و شانازیی کوردبوون

هیوا مەحموود عوسمان

لە سەردەمی ئێستادا، هونەری جیهانی بەرەو نەهێشتنی ناسنامەی نەتەوەیی دەڕوات، بەڵام مەحموود بەرازی و هونەرگەها وڵات پێچەوانەکەی دەکەن. کوردبوون بەهێزتر دەکەن.
کارە هونەریەکانیان بەرز ڕاگرتنی کوردبوونە بەشێوەیەکی ئارام بەڵام پڕ لە تەحەددا؛ بە جۆرێكی نۆستالیژی بەڵام زۆر مۆدێرنیش.
کاتێك گوێ لە سترانەکانیان دەگریت یان سەیری ڤیدیۆکانیان دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە نەریت وهونەر دژی یەکتر نین، بەڵکو لە دایالۆگێكی بەردەوامدان. هەریەکەیان ئەوەیتر دەباتە ئاستێكی باڵاترەوە.
هونەرمەندە ڕەنگپۆشەکانیان و دیمەنەکانی خاکی ڕۆژاڤا و ژیانی کوردەواری و میلۆدیەکانیان تەنها وەکوو جوانکاری بەکارنایەن بەڵکوو وەک هاوارێکە کە ژیان لێرە بووە و هەیە و بەردەوامیش دەبێت.
کارەکانیان هەست و نەستی وەرگر لەگەڵ خۆیان دەجوڵێنن و وای لێدەکەن سەربەرز بێـت و شانازی بە كوردبوونی خۆیەوە بكات. شانازییەکی شایستە نەک ڕەگەزپەرستانە.
زیرەکیی هونەرگەها وڵات و بەرازی لەوەدایە، کە لە ڕەفە کۆنەکانی مێژوو ئەو سترانانە دەدۆزنەوە کە زەمانێک باو بوون و ئێستا تۆزی مێژوو و هونەری بەناو مۆدێرنیان لەسەر نیشتووە.
ئەو سترانانە جارێکی تر لەسەر دەستی ئەوان لەدایک دەبنەوە و بە مۆركێكی نوێ و ڕێزگرتن لە مێژوو و بە زمانی ئێستا دەدوێنەوە.
یان بە تەکنیکی خۆیان چیرۆکەکانی ئەمڕۆمان بۆ دەگێڕنەوە. هەریەکە بە تایبەتمەندیی خۆیەوە. لەکاتێکدا بە چرپە گۆرانی بۆ شەڕڤانەکان دەڵێن تا دوژمن نەیانبینێ، پڕ بە ڕۆژاڤا هاوار دەکەن: ژن، ژیان، ئازادی. هەموو بەرهەمێکیان یان پەیامێکیان نۆستالیژیایە، لەگەڵ شانازی بەو مێژووەی کە بەمڕۆی گەیاندووین یان پابەندبوونە بە خاک و کۆمەڵگا و نیشتیمانەوە.
بە وردەكاری و هەستیارییەكی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ کارەکانیان دەکەن. نیشانمان دەدەن کە سترانە کۆنەکان هی مۆزەخانە نین و تەنها پاکی بکەنەوە یان کارە تازەکانیان تەنها مۆدێرن و ترێند نین کە داببڕێن لە مێژوو و بیرەوەرییان بسڕدرێتەوە.
لە بەرهەمی هونەریدا، هەمیشە هێڵی نێوان بوون بە پارچەیەکی پاککراوی مۆزەخانە یان بەشێک لە ئێستایەکی دابڕاو لە مێژوو هێڵێکی هەستیارە و زۆر لە هونەرمەندەکانمان لەمدیوی هێڵەکەن یان لەودیو.
بەڵام بەرازی و هونەرگەها وڵات توانیویانە لەسەر ئەم هێڵە سەما و هەڵپەڕکێ بکەن و نەبووەتە ئاستەنگ لە بەردەمیان.
هەر بۆیە تاکو ئێستا توانیویانە میزاج و موودی وەرگر بەپێی پەیامی کارەکانیان بگۆڕن و وەرگر هەست بکات کە بووەتە یەکێک لە کارەکتەرەکانی نمایشەکانیان یان ئامێرێکی تیپی مۆسیقایان.
ئەو كاتەی تووڕەن، وەرگریش تووڕەیە؛ کە دڵخۆشن، ئەو هەستە دەستبەجێ دەگاتە وەرگرەکانیان.
کەم هونەرمەند هەیە کە بتوانێت وا لە وەرگر بکات هەمان هەستی ئەوی هەبێت بۆ کارەکەی. بەرازی و هونەرگەها وڵات یەکێکن لەو دیاردە دەگمەنانەی کە لە هونەری هاوچەرخی کوردیدا هەن.
“لە قامشلۆ لە بەر دەری” بە زەردەخەنەیەکەوە و بە چیرۆکی خۆشەویستیی ڕۆژانەی شار بە وەرگر دەڵێت، هەموو دونیا بەم خاکە ناگۆڕمەوە.
ڕەهەندێكی تری گرنگی ئەم گرووپە ئەوەیە کە شارەزایانە هەموو هونەرەکان بەیەکەوە گرێ دەدەن. دەنگ و دیمەن و هەست لە هەمان ئاست و بە هاوسەنگی کاردەکەن و بە هیچ شێوەیەک لێکناترازێن.
لە “نازی نێرگزی حەوشە” ئەکاپیللا بە دەنگ نەک بە ئامێر بوو بە گونجاوترین وەڵامی کورد بۆ پەتای کۆرۆنا. لە مۆنتاجی ڤیدیۆکە بەڕوونی دەرکەوت کە چۆن ئەتوانی گۆشەگیریی کۆرۆنا بکەی بە هەلێک بۆ داهێنان.
پاش بینینی هەر کارێکیان، وردەکارییەکانت لە بیرناچێت. جل و دیمەن و ڕەنگ و مۆسیقا بەیەکەوە یەک پەیامی درەوشاوەت لا بەجێدەهێڵن و وات لێدەکەن بەپەلە بۆ هەموو دۆست و هونەرمەند و برادەرەکانتی بنێریت.
بۆ گەلێک کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە، ناسنامەی پەراوێز خراوە، کارەکانی بەرازی و هونەرگەها وڵات هەوڵێكی گەورەن بۆ پاراستن و ئازادبوونی. کاری هونەرگەها وڵات، بەسەردەمیکردنی ناسنامەیە. کرداری متمانە بەخۆبوون و سەربەرزییە بەم شوناسە.
هەر کام لە کارەکانیان وەبیرهێنانەوەیەکی تێدایە کە كوردبوون بەسەرنەچووە و دەکرێ زیندووبکرێتەوە و پەرە بستێنێ و بدرەوشێتەوە لەم سەردەمەدا.
هەر بۆیە ئەوانەی هەوڵی بەلاڕێدابردنی كوردبوونی ڕەسەن دەدەن، هەر ئەوانەن دژایەتیان دەکەن یان بەرگریان لێناکەن.
چاک دەزانن بوونی ئەو جۆرە هونەر و پەیامە مەترسییە لەسەر کارنامەیان بۆ تێکدانی بنەماکانی کۆمەڵگای کوردەواری و تواندنەوەی شوناسی کوردبوون.
بۆ هونەرگەها وڵات و مەحموود بەرازی، سوپاس بۆ ئەو هەموو كار و بەرهەم و تێكۆشانەی بۆ کولتوری کوردی و كوردبوونتان کردووە.