کوڕە گەورەی ماڵە و باوکی لە ژیان نەماوە

گەنجێکی کورد لە ئیتاڵیا بێ سۆراغە

964+

ژووریی هەواڵ

رێکەوتی 29 لەسەر30 مانگی رابردوو دوو بەلەمی کۆچبەران لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا رۆشتون و لە نزیک کەنار ئاوەکانی ئیتاڵیا بە هۆکاری بەرزی شەپۆلەکان و نا هاوسەنگی بەلەمەکان چوار گەنجی کورد بریندار دەبن و یەکێک لە بریندارەکان بێ سەر و شوێنە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لەم روداوەدا دوو بەلەم هەبووە و یەکێکیان 12 کۆچبەر و ئەوی تر 13 کۆچبەری هەڵگرتوە و سەرجەمیان کورد بوونە و بەهۆی بەرزی
شەپۆلەکان و خراپبونی دۆخی ناو بەلەمەکە چوار کۆچبەر بریندار بووە و دانەیەکیان بە ناوی “رۆژ ئەحمەد مام ئاغا” سەری بەر بەلەمەکە کەوتووە.

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەکە، بە 964ـی راگەیاند، ” دوای رووداوەکە بریندارەکان بە هەلیکۆپتەر گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری برۆتۆس لە ئیتاڵیا و سێ لە بریندارەکان دۆخیان باشە و لە نەخۆشخانە نەماون ، بەڵام یەکێك لە بریندارەکان دابڕاوە لە هاوڕێکانی و هیچ سۆراغێکی لەبارەوە نیە؛ هەروەها دوای چوار رۆژ زانیاری بڵاوکراوەتەوە لە بارەی رووداوەکە و قاچاغچیەکان ئەمەیان شاردۆتەوە”.

لەبارەی چۆنیەتی دەست گەیشتن بەم گەنجانە و زانینی سۆراغیان بەکر عەلی وتی،” ئەمڕۆ نوێنەرێکی خۆمان لە وڵاتی ئەڵمانیەوە دەنێرین بۆ ئیتاڵیا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و هەر رێکارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین

ئاراز عومەر کەسوکاری گەنجە بێ سۆراغەکەیە و لە رێگەی 964وە داوا دەکەن سۆراغی کوڕەکەیان بزانن و دەڵێن،”رۆژ ئەحمەد کە ناسراوە بە داستان باوکی لە ژیان نەماوە و کوڕە گەورەی ماڵە و بە ئومێدی ژیانێکی باشتر و خۆشتر ئەم رێگا مەترسیدارەی هەڵبژاردەووە، دوای رووداوەکە سۆراغمان لە کوڕەکەمان نیە و بە ئومێدین سەلامەت بێت و لە ژیاندا مابێ”

ئاراز عومەر کوڕەکەی خۆشی لەناو رووداوەکە بووە و وتی،” ئێمە قسەمان لەگەڵ کوڕەکەمان کرد باسی لەوە کردووە ئێستا لە کەمپێکن و لە نەخۆشخانە نەماوین، بەڵام هیچ ئاگاداری دۆخی رۆژ نین و نازانین لە کوێیە بۆیە ئێوە هەوڵێك بدەن شتێک دەست بخەن و ئێمە لێرە هیچمان لە دەست نایەت”.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو گەنجانی سنوری ئیدارەی راپەڕین لە کۆی گشتی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان پشکی شێریان بەرکەوتووە و رۆژانە رێگای مەترسیدار و جیاواز بۆ گەشتن بە ئەورپا تاقیدەکەنەوە، بەم هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە گەنج بێ سەروشوێن بوونە و گیانیان لەدەستداوە.

پێنج رۆژە گەنجێکى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان بێ سۆراغ...

پێنج رۆژە گەنجێکى رۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان بێ سۆراغە