هەڕەشەی سکاڵا لە پارێزگار دەکەن
کەرکوک؛ فەرمانبەرانی کشتوکاڵ دژی پێ نەدانی زەوی گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحى – کەرکوک
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەکى زۆر لە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکوک لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوایان کرد ئەو پارچە زەوییانەیان پێ بدرێت کە بڕیاری دابەشکردنی درابوو، بەڵام بە وتەی خۆیان، دراوە بە کەسانی تر.
فەرمانبەران ئاماژەیان بەوە کرد کە چەند ساڵێکە چاوەڕێی وەرگرتنی زەوین، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکە بۆ ئەوان یەکلایی نەکراوەتەوە و زەوییەکانیان بەسەر چین و توێژی دیکەدا دابەش دەکرێت.
خەدیجە ئیسماعیل، یەکێک لە فەرمانبەرە ناڕازییەکان، بە 964ـی وت، “ژمارەمان 555 فەرمانبەرە و لە ساڵی 2022ـەوە دەستمان بە مامەڵەی وەرگرتنی زەوی کردووە، لە سەرەتادا پارچە زەویمان بۆ دیاری کرا لە ناوچەی کۆبانێ، بڕیاربوو پێمان بدرێت، بەڵام درا بە دادوەر و فەرمانبەرانی دادگا کە بەشێکیان تەنیا یەک ساڵ خزمەتیان هەیە.”
وتیشی، “جارێکی دیکە 300 پارچە زەوی دیکەمان بۆ دیاری کرا و بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تیروپشکمان بۆ بکرێت، بەڵام لە هەمان رۆژدا پارێزگاری کەرکوک زەوییەکانی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کرد”.
لای خۆیەوە، نیزاڵ سدیق، فەرمانبەرێکی دیکەی کشتوکاڵ، بە 964ـی وت، “چەندین ساڵە رادەکەین بەدوای مامەڵەوە بۆ ئەوەی زەویمان پێ بدرێت، بەڵام هەرجارە و بە شێوەیەک داگیر دەکرێت.”
نیزاڵ کە خوشکی شەهیدە و هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردووە و 33 ساڵ خزمەتی هەیە، وتی، “ئەوەی جەنابی پارێزگار دەیکات، زوڵمە لە فەرمانبەرانی کشتوکاڵ، نە لە سەردەمی تۆ و نە لە پێش تۆش ئێمە سوودمەند نەبووین، ئەگەر زەویمان پێنەدرێت، سەرجەم فەرمانبەران دەچین سکاڵا لە دژی پارێزگار تۆمار دەکەین.”
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بە بڕیاری سەرۆکایەتی دابەشکردنی زەویان لەسەر تاسەری عیراق راگرتوە بۆ ئەوەی نەبێتە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو بڕیارە وەک حۆی جێبەجێ نەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح