رێکخراو و دامەزراوەکان پێیان زانیوە

“بەڵگەنامەکانی ڤیزای شنگن ساختەن و داوای لێکۆڵینەوە کراوە”

964+

ئەحمەد مستەفا

“جێگای پرسیارە لای ئێمە و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش، دەیان بەڵگەنامەی ساختە و بڕوانامەی تەزویر بەکار هاتووە بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن بە پارەیەکی زۆر” ئەمە قسەی نوێنەرایەتی ئەوروپای پەنابەرانە.

ئەو کۆمەڵە لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە، “کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان لە ئەوروپا” داوانامەی بۆ حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر و سلێمانی ناردووە، کە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامە و برواناکەی ناو داواکاری پێدانی ڤیزای شنگن بکەن، و لە راستی و دروستی دڵنیاببنەوە.

پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەرەکەیانە ئەو ئەمڕۆ شەممە 4.10.2025 بە 964ی وت، لە دوای چەندین ساڵ لە پار ساڵەوە، چەندین رێکاری تایبەت بە کۆچی یاسایی گیرانەبەر و تا رادەیەک کۆچی نایاسایی و گیان لە دەستانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ئەمساڵدا زۆر کەمی کردووە.

بەڵام وەک باسی دەکات، تەزویر کردن و ساختەکردنی بڕوانامە و بەڵگەنامە زۆر زیادی کردووە و داوایەکیان ئاڕاستی ناوەند یاسایی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەو دەڵێ، داوایان کردووە، داوایەکی یاسایی ئاراستەی باڵوێزخانەکان و کونسوڵگەریەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بکرێت، کە زانیاری دوو ساڵی تەواوی ئەو کەسانەی کە گەشتییان کردووە بە ڤیزەی شنگن بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون رادەستی ئێوە بکرێت.

نوێنەرەکەی کۆمەڵەی پەنابەران، هۆشیاری بەوە دەدات، ئەگەر هاتوو ئەم رەوشەی کە ئێستا هەیە و ئاوا بەردەوام بێت ئەوە کاریگەری خراپی راستەوخۆی دەبێت لە سەر تەواوی پرۆسەی پێدانی ڤیزەی شنگن و ناوبانکی هەرێمی کوردستان.

دەقی داواکارییەکە وەکخۆی؛

بەرێز/ داوا کاری گشتی حوکەمەتی فیدراڵ بەڕێزان داوکاری گشتی حوکەمەتی هەرێمی کوردستان و داوکاری گشتی هەولێر و سڵێمانی، بەڕێزان سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەولێر و سڵێمانی
ماوەی ٩ ساڵا زۆر لە هەوڵی ئەو داین کە ڕێگری بکەین لە کۆچی نایاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات وە بەتایبەتیش بۆ ئەوروپا هەموو توانای خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ ڕێگری لە بازرگانی کردن بە هاولاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە وە لە هەمان کاتیشدا چالاکانە شەو ڕۆژمان خستۆتە گەڕ کە هەموو ئەوانەی لە جۆڵدان لە ڕێگا ئاویەکان و ڕێگا وشکانیەکان بە هاوکاری دەزگا ئەمنیەکانی ولاتانی یەکێتی ئەوروپا کە هیچ کەس نەبێتە قوربانی ، لە هەمان کاتیشدا لە گەڵ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و ولاتانی یەکێتی ئەوروپا لە سەر هێڵ بووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکەوتنی دەوڵەت بۆ دەوڵەت و رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری گشتگیر لە گەڵ حوکەمەتی هەرێمی کوردستان حوکەمەتی فیدراڵ ، بە خۆشحالیەوە لە دوای چەندین ساڵ لە پار ساڵەوە چەندین رێکاری تایبەت بەوە گیرانە بەر و تا ڕادەیەک کۆچی نایاسایی و گیان لە دەستانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە ئەم سالەدا زۆر کەمی کردووە ،
لە سەر و هەموو ئەمانەشەوە لە هەوڵی ئەو دابووین کە دەروازەیەکی یاسایی بکرێتەوە چی بۆ گەشت بێت یا خود خوێندن یا خود چارەسەری نەخۆشی بەلێ ئەم رێگایە کرایەوە و خەڵکانیکی زۆر روویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد بەڵام ئەوەی کە جێگای پرسیارە لای ئێمەش وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش ئەوەیە کە دەیان بەڵگە نامەی ساختە و براوانامەی تەزویر بە کار هاتووە بۆ وەرگرتنی ڤیزەی شنگن بە پارەیەکی زۆر و پاشان لە دوای گەشتنی ئەو کەسانە خۆیان داوای مافی پاراستنی نێودەوڵەتیان پێشکەش بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا کردووە کە ئەمە جێگای داخە لە ڕووی یاساییەوە
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین داوایەکی یاسایی ئاراستەی باڵوێزخانە کان و قونسوڵگەریەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بکریت کە زنیاری دوو ساڵ هی تەواوی ئەو کەسانەی کە گشتیان کردووە بە ڤیزەی شنگن بۆ دەرەوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ڕادەستی ئێوە بکرێت
گەر هاتوو ئەم رەوشەی کە ئێستا هەیە و ئاوا بەردەوام بێت ئەو کاریگەری خراپی راستەوخۆی دەبێت لە سەر تەواوی پرۆسەکە
لە گەڵ رێزدا
پێشڕەو عبداللە
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردستان لە ئەوروپا