سێ کەسیش بریندار بوون

لە خورماتوو تەقە كرا و كەسێک بەركەوت و گیانی لەدەست دا

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لەناو نووسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراو لە خورماتوو شەڕەتەقە روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست دا، كە پەیوەندی بە رووداوەكەوە نەبوو، سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

عەلی فەلاح، بەرپرسی بەشی فریاکەوتی نەخۆشخانەی گشتیی دوزخورماتوو بە 964ـی، “بەهۆی رووداوەكە، كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوو، چوار بریندار، کە یەکێکیان منداڵە گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، دەرکەوت سەرجەمیان بە فیشەک بریندار بوون، دوای چارەسەرە سەرەتاییەکانیش، یەکێک لە بریندارەکان کە گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا، دوو برینداری دیکەش بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییانەوە رەوانەی نەخۆشحانەی ئازادیی کەرکوک کران”.

سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی نیشتمانیی خورماتوو بە 964ـی وت، رووداوەکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە و کەسێک بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە ھەڵیکوتاوەتە سەر خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو و شەڕەتەقە روویداوە، بەوھۆیەوە خاوەنی نووسینگەکە و دوو ھاوڵاتی برینداربوون، ھاوڵاتییەکی تریش بەركەوتووە و کوژراوە.

وتیشی، ئەوەی کوژراوە پەیوەندی بە کێشەكەوە نەبووە و بەركەوتووە.

هەر لە بارەی رووداوەكە، عەقید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو وتی، تەقەكەرەكە هەڵاتووە بۆ كەركوك و هێزە ئەمنییەكان بەدوایەوەن بۆ دەستگیركردنی و هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی كەركوك كراوە.

نوێكرایەوە 2:40

كەمێك پێش ئێستا عەقید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بە 964ی راگەیاند، تۆمەتبارە هەڵاتووەكەی خورماتوو، كە تەقەی كردبوو، لە شاری كەركوك دوای دەورەدانی لە لایەن پۆلیسەوە، دەستگیر كرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو کەوتووە...

ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو کەوتووەتەوە