لە هەر كێڵگەكە نەوت هەناردە دەكرێت

كۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت نەوتی كوردستان خواستێكی زۆری لەسەرە

964+
فەرهاد حەسەن

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق كە بە (سۆمۆ) دەڵێت، نەوتی هەرێمی كوردستان نرخێکی باش دەکات و لە بازاڕەكانی ئەوروپاش خواستێكی زۆری لەسەرە و هۆكارەكەشی بۆ نائامادەیی نەوتی رووسیا گەڕاندەوە.

عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیا (سۆمۆ) رایگەیاند، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، کە ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت و کڕیاری بۆ دەدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا كار بۆ ئەوەدەكەن كە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا بیانییەکان کە لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کاردەکەن پەرەی زیاتری پێدەدرێت. لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمیش کاردەکەن و بۆئەوەی لە رێگەی ئەوانەوە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بدەنە کۆمپانیاکان بەپێی رێککەوتنی سێ قۆڵی، كە واژۆیان كردووە.

لە قۆناغی یەکەمدا لە کۆی 10 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت هەشتیان بەشداری رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕی دووەمی دانوستانەکاندا بۆ بەردەوامییدان بە رێککەوتنە سێ مانگییەکە و درێژکردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو کۆمپانیایانەی دیکەش بچنە چوارچێوەی رێککەوتنەکەوە.

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 27.9.2025 هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، هەر هەشت کێڵگە نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستیان بە پرۆسەکە کردووە، لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەوە دەستیان بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان کرد بۆ کێڵگەی نەوت خورمەڵە و دواتر لەو کێڵگەیەوە دەچێتە ناوچەی پیشخاپوور لە کۆتا خاڵی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و لەوێوە بە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەوتەکە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهانی تورکیا.

سۆمۆ:

سۆمۆ: "بەقاچاخبردن یان تێكەڵكردنی نەوت لە ئارادا نییە"