دەبێت هەرێمی كوردستانیش پێوەی پابەند بێت
عێراق سیستمی یەکگرتووی ڤیزای ئەلیکترۆنی پەسەند كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی رایگەیاند، سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنی فیدراڵی وەک پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو پەسند كرد، بۆ دەرکردنی ڤیزای هاتنە ناو عێراقەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 30.9.2025 كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی كرد و لە یەكێك لە بڕیارەكاندا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنی فیدراڵی وەک پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو پەسند كرد، بۆ دەرکردنی ڤیزای هاتنە ناو عێراقەوە.
هەروەها هاتووە، وەزارەتەکانی دەرەوە، ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، هەروەها نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ناچار دەبن کە هیچ ڤیزایەک نەدەن، تەنیا دوای بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی بیمەی تەندروستی.
ئەوەشیان روونكردووەتەوە، دەرکردنی بەڵگەنامەی بیمەی تەندروستی لە رێگەی کۆمپانیاکانی بیمەی مۆڵەتپێدراو و خاوەن گرێبەست دەبێت لەگەڵ دەستەی گەرەنتی تەندروستی، بە شێوەیەکی یەکگرتوو.
هەروەها بڕیاری ئەوەشدراوە، سەرجەم دۆکیومێنت و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری بیانییەکان و نیشتەجێبووان بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە رێگەی ئەو کۆمپانیایە دەبێت، کە سیستمی ڤیزای ئەلیکترۆنی جێبەجێ دەکات، جگە لەوە سەرجەم بڕە پارەکان بۆ دەستەی گەرەنتی تەندروستی دەگەڕێتەوە، پلاتفۆرمی گەرەنتی تەندروستی بۆ دەرکردنی دۆکیومێنتی گەرەنتی تەندروستییش بۆ ئەو کەسانە پەسەند دەکرێت، کە ڤیزای ئەلیکترۆنی نایانگرێتەوە.