سندانت لێدا
سندان؛ پیشە و هێماى هێز
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
رۆژانە رەنگە گوێمان لە دەستەواژەی “سندانی لێدا” و “سندان لێت بدات” بێت، زۆرێک پێیان وایە کە ئەمە جوێنە، بەڵام لە بنەڕەتدا، سندان ئاسنێکی پتەوی کارە و هێمای هێز و پیشەیەکی دێرینە لە کوردستاندا.
لە بنەڕەتدا سندان واتای “کەرەستەیەکی ئاسنین” دەگەیەنێت کە بۆ کوتان و شێوەپێدان بەکاردێت، ئەم ئامێرە لە چەندین بەش پێکهاتووە، وەک دەماخە بۆ خوارکردنەوە و رووکارەکەی بۆ راستکردنەوە و کوتان، کێشی سندانەکان جیاوازە، لە 20 کیلۆگرامەوە دەست پێدەکات و هەندێکجار دەگاتە سەدان کیلۆگرام.
پیشەی ئاسنگەری لە کوردستان مێژوویەکی دێرینی هەیە و ئاسنگەرەکان رۆڵێکی گرنگیان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانە و کشتوکاڵدا هەبووە، هەربۆیە ئاسنگەرەکان بە بەکارهێنانی سندان، چەکوش و ئاگر، ئاسنە رەقەکان نەرم دەکەن و دەیانکەن بە تەور، داس، پاچ و چەندین کەرەستەی دیکەی بەکەڵک.
رەعد سەعد، ئاسنگەرێکە لە ناوچەی پیشەسازیی هەولێر، لەبارەى سندانەوە بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ئەو سندانەی من هەمە نزیکەی 35 بۆ 40 ساڵە کاری پێدەکەم، ئەگەر ئەوەم نەبێت ئیشم پێ ناکرێت، بەزۆری بۆ نەخش و قەوس و راستکردنەوە بەکاریدێنین.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح