دیمەنێکی یەکێک لە گوندەکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: 964
چوار رۆژێک وا دەبێ
گەرما لە سەرەتای مانگی نوێ چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ماوەی چوار رۆژ، لە سەرەتای مانگی 10 بە ئەگەرێکی بەهێزەوە شەپۆلێکی گەرما، روو دەکاتە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، شارەزایەکی کەشناسی دەڵێ، شەپۆلە گەرماکە کاتییە.
لە مەودای 4ی مانگ بۆ 7ی مانگی داهاتو، شەپۆلە گەماکە روودەکاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پلەکانی گەرما بەراورد بە رۆژانی رابردوو بەڕێژەی چوار بۆ شەش پلە بەرزدەبنەوە.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ یەکشەممە 28.9.2025 بە 964ی وت، بە گوێرەی پێشهاتە سەرەتاییەکان و ئەو گۆڕانکارییانەی لە کەشەکەدا روودەدان لە 10 رۆژی سەرەتای مانگی داهاتوو، پلەکانی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن.
لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لە چەند کاتژمێرێکی کەمی ڕۆژدا گەرمای بێزارکەر هەستی پێ دەکرێ لەو رۆژانەدا، لەبارەی ئەگەری باران بارین ئەو شارەزایی کەشناسیە وتی، بەپێی پێشبینییەکان، تاوەکو 8.10.2025 هیچ ئەگەرێکی باران بارین لە ئاردا نییە.
هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردووەتەوە، بۆ ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، هەروەها بۆ سبەی دووشەممە 29.8.2025، پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە بە 1 بۆ 2 پلە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 35 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 33 پلەی سیلیزی
دهۆک : 33 پلەی سیلیزی
زاخۆ :36 پلەی سیلیزی
ئامێدی : 32 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 34 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 37 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 35 پلەی سیلیزی
سۆران : 33 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 25 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 39 پلەی سیلیزی