مانگانە وەک دەرماڵە 250 هەزار دیناریان پێدەدەن
پەیمانگای نەوتی کەرکوک دەرچووانی ئامادەیی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت
964+
کارون ساڵحی – کەرکوک
بۆ وەرزی نوێ خوێندن پەیمانگای راهێنانی نەوتی کەرکوک قوتابیانی پۆلی شەشی ئامادەیی کەرکوک و شارەکانی کوردستانیش وەردەگرێت، مانگانە بڕی 100هەزار دەرماڵە دەدرێت بە قوتابیانی کەرکوک و 250 هەزاریش بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان.
حەیدەر عومەر رەشید بەڕێوەبەری پەیمانگای راهێنانی نەوتی کەرکوک بە 964ـی وت، لەسەرەتای ساڵ پلانی وەرگرتنی قوتابیمان هەیە بە پێی رێنمایی کۆمپانیا نەوتیەکان ئەم ساڵ 260 قوتابی وەردەگیرێت کە دەبێت دەرچووی بەشە زانستیەکان و پیشەیەکان بن.
وتیشی، دەرماڵەی گیرفانمان هەیە بۆ قوتابیانی سنووری کەرکوک 100هەزار و بۆ هەرێمی کوردستانیش کە بۆ بەشە ناوخۆیەکان 250 هەزار دینارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی رێنمایەکانی وزارەتی نەوت دەبێت کۆنمرەی قوتابیانی بەشە زانستیەکان لە 75 کەمتر نەبێت، بۆ پیشەییەکان دەبێت دەرچووانی یەکەمەکانی قوتابیان بێت و پێشکەش کردن و رێنمایەکان لە رێگای پلاتفۆرمی ئوڕوە دەبێت، هەروەها لە پشوی هاوینە بۆ ماوەی دوو مانگ راهێنان دەکەن لە بەشەکانی کۆمپانیا نەوتیەکانی سەر بە وەزارەت بڕی 500 هەزار دیناریان پێ دەدرێت.
بەرێوەبەری پەیمانگاکە دەڵێت، بەداخەوە چەندین ساڵە قوتابیانی هەرێمی کوردستان نایەن بخوێنن لای ئێمە ، پێدەچێت لە زمان بترسن ، بۆیە دڵنیا یان دەکەوە کێشەیان بۆ دروست نابێت چونکە خوێندنەکەمان زۆری بە شێوەی عەمەلیە و هەروەها دەتوانن بە زمانی دایک وەڵام بدەنەوە.
پەیمانگای نەوتی کەرکوک لەساڵی 1951وەک ترێم سەنتەر دامەزرا لە گەڕەکی عەرەفە، لە ساڵانی حەفتاکان بوو بە پەیمانگای راهێنانی نەوت، لە ساڵی 1991 بە بڕیارێکی شۆڤینیانە پەیمانگاکە بە ستافەکەیەوە ئاوارەی قەزای بێجی کرا، لە ساڵی 2005 لە کورکوک دامەزرێنرایەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی