کاتژمێر 6:00ی بەیانی

پێش ناشتایی رۆژی شەممە نەوتی هەرێم دەڕواتەوە بۆ تورکیا

964+

ئەحمەد مستەفا

وا دانراوە، کاتژمێری 6:00ـی سەر لەبەیانی رۆژی شەممە 27.9.2025، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای بۆری نەوتی هەرێم – جەیهان و جارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت.

ئەم قسەی ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک و پێش ناشتایی ئەو نەوتەی تەمەنێکە راگیراوە دەست بە هەناردەی دەکرێتەوە.

رەحیم باسی لەوەکردووە، داهاتی نەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغدا سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم ئێوارەیە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا “دوو رۆژی داهاتوو”، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

پێشتر، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان و حکوموتی عێراق نوسیوویەتی، گەشتینە رێککەوتنێکی مێژووی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

سودانی لە تۆڕی ئێکس، ئەوەشی وتووە، 18 ساڵە چاوەرێی ئەو دەستکەوتەن.

سەرجەمی بڵاوکراوەکەی ئامانج رەحیم:

خۆشحاڵم وجێی شانازیمە کە بەشدارێکی کارابووم لەگەڵ هەڤاڵەکانم لە شاندی دانووستانکاری هەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنامەی هاوبەشی سێقۆڵی نێوان کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وکۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕە جیهانییەکان و بەبازاڕکردنی لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ.
بە هیوام ئەم ڕێکەوتنامە سێ قۆڵییە ببێتە مایەی سەقامگیریی لە خەرجکردنی مووچە وشایستەکانی هەرێم، وکۆتایی هاتنی نەهامەتی وچاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستەکانی خۆیان لە کاتی خۆی، کە دەبوو هەر لە سەرەتاوە مووچە بەدوور بێت لەم ناکۆکیانە.
ڕێکەوتننامەکە لە شەش ماددەی سەرەکی و پێشەکیەک پێکهاتووە و لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وکۆمپانیای نەوتییەکان واژووکراوە و ماف و شایستە و پابەندییەکانی هەر سێ لایەنی تێدا دەستنیشانکراوە.
وا بڕیارە کاتژمێری ٦ ـی سەر لەبەیانی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێم – جەیهان وجارێکی دیکە بگاتەوە بازاڕی جیهانیی و لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ بکرێت و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغدا سەرەڕای پێدانی مانگانەی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، بەم جۆرەش هەرێم بەشدار دەبێت لە زیادکردنی داهاتی گەنجینەی فیدڕاڵیی عێراق و جارێکی دیکە لە بوودجەی گشتی عێراقەوە تەرخان دەکرێتەوە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێم.