پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ پێش لێڵبووونی. وێنە:964+
کێشەى ئاویان بۆ دروستبووە
گرتنەوەى ئاوى زێى بچوک؛ وەزعى دانیشتوانى قەڵادزێى شڕ کردووە
964+
وریا فەتاح
14 رۆژە، ئێران ئاوى زێى بچوکى گرتووەتەوە، بەهۆیەوە کێشە بۆ ئاوى ماڵانى قەڵادزێ دروست بووە، بەرپرسانى ئاو هۆشدارى بە دانیشتوان دەدەن کە ئەو ماوەیە “دەست بە ئاوەوە بگرن” و بەفیڕۆى نەدەن.
تا ئاوەکە نەگیرابووەوە، رۆژانە دانیشتوانى قەڵادزێ یەک کاتژمێر بۆ یەک کاتژمێر و 10 خولەک ئاویان پێدەدرا، ئێستا تەنیا 30 بۆ 35 خولەک ئاویان پێدەدرێت.
ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، پێدانى ئاو دەبێتە رۆژنا رۆژێک
سەرچاوەى سەرەکى ئاوى قەڵادزێ لە زێى بچوکە، ئەوکاتەى ئێران ئاوى زێیەکە دەگرێتەوە راستەوخۆ کێشە بۆ دانیشتوانى قەڵادزێ دروست دەبێت، لە 11ـى ئەم مانگەوە ئێران گرتوویەتییەوە، بەهۆیەوە ئاوى پڕۆژەى خاس کەمبووە، بەشێوەیەک لە کۆى شەش پەمپ تەنیا دوو پەمپى ئاوى پڕۆژەکە ئیش دەکەن.
ئەندازیار مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خاس بە 964ـى وت،”بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى زێى بچوک، بەقورسى ئاو دەگات بە پەمپەکان و تەنیا دوو پەمپیش کار دەکەن، لەبەر ئەوە ئەو بەربەستەى بۆ زێیەکە لە ئاستى پڕۆژەى خاس دروستکراوە، بەناچارى داخراوە بۆ ئەوەى ئاو بگاتەوە بە پەمپەکان”.
ئەو ترسى هەیە، ئێران بەردەوام بێت لە گرتنەوەى ئاوى زێى بچوک و ئەو ئاوەشى ئێستا بە کەمیى دێت، بەرەو وشکبوون بڕوات، هەربۆیە دەڵێت: ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، پێدانى ئاو دەبێت بە رۆژێک نا رۆژێک.
“درێژى رووبارى زێى بچوک لە پڕۆژەى خاس تا بەنداوى کۆڵەسە لە دیوى ئێران زیاتر لە 90 کیلۆمەتر، بۆیە کاتێک ئێران ئاوەکە دەگرێتەوە سێ رۆژى پێویستە تا بەتەواوى وشک دەبێت، بەڵام لە کاتى بەردانەوە تەنیا 12 کاتژمێرى پێویستە تا ئاوەکە بگات بە پڕۆژەى خاس”، مارف مەحمود واى وت.
پڕۆژەى ئاوى خاس کە 95%ـى ئاوى دانیشتوانى قەڵادزێ دابین دەکات، بەشێوەیەک لە هەر کاتژمێرێکدا دوو ملیۆن و 800 هەزار لیتر ئاو لە زێى بچوک وەردەگرێت. وەک ئەوەى مارف مەحمود ئاشکراى دەکات، لە قەڵادزێ نزیکەى 20 هەزار هاوبەشى ئاو هەیە، لەم وەرزەدا رۆژانە 31 ملیۆن لیتر ئاویان پێویستە، بەڵام ئێستا بە 18 کاتژمێر کارکردن دەتوانن 22 هەزار لیتر ئاو کۆگا بکەن و دابەشى بکەن.
پەیامى بۆ دانیشتوانى قەڵادزێش پێیە و هۆشداریان پێدەدات کە ئەم ماوەیە تا بۆیان دەکرێت، دەست بە ئاوەوە بگرن و بەفیرۆى نەدەن.