ناوچەکە سەختە و ئاگرەکە لە پەرەسەندندایە
ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو کەوتووەتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئاگر لە دار و باخەکانی نێوان گوندی قەڵا و دارا لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان داری بەتەمەن سووتاون، تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و لەپەرەسەندندایە.
ئەحمەد خالید، گوندنشینێکی ناوچەکەیە و بە 964ـی وت،”کەمێک پێش ئێستا لەپڕ بینیمان ئاگر لە دارەکان بەربووەوە و نەمانزانی لەلایەن کێیوە ئاگری تێبەردراوە، بەخێرایی چووینەتە شوێنەکە و بەهۆی نەبوونی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەوە، تەنها مەودایەکی کەممان کوژاندووەتەوە، خێرایی باـش کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئەستەم کردووە و بەرەوە گوندەکانی دیکە پەرە دەسێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکە و نزیکبوونی لە بۆشایی ئەمنییەوە، تا ئێستا نەیوانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن.
ئەحمەد خالید وتیشی، بەشێک لەو دارانە تەمەنیان زۆرە و لەو وەرزی بەهاردا خەڵكێکی زۆر بۆ گەشت و سەیران روو لەو ناوچەیە دەکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری