رێککەوتن

سۆمۆ: رێککەوتنی هەناردەى نەوتی هەرێم لەگەڵ هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە

964+

وریا فەتاح

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە، هەروەها جەختیشى کردەوە کە هەردوولا لەسەر میکانیزمێکی تۆکمە بۆ هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە کێڵگەکانی هەرێم بەرهەم دێت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رێککەوتوون.

عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: “لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر، بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی وەزارەتی نەوت و سەرجەم فەرمانگە و کۆمپانیاکانی، لەنێویاندا سۆمۆ، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و لایەنی گرنگی دیکەش کە کۆمپانیا جیهانییە بەرهەمهێنەرەکانی نەوتن لە هەرێم، هەبووە”.

ئاشکراشى کرد، رێککەوتنەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ئەوانیش گەیشتووینەتە میکانیزمێکی پتەو بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت.

” چاوەڕێی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنین دوای تەواوکردنی وردەکارییەکان”، نزار واى وت.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، بەڕێوەبەری سۆمۆ وتى، “کۆمپانیا جیهانییەکان پێویستیان بە دڵنیایی هەیە سەبارەت بە پێدانی شایستە داراییەکانیان دوای پرۆسەی هەناردەکردنەوە، بۆیە سۆمۆ کارى لەسەر دڵنیاکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە کردووە، و حکومەت بەم زووانە دوای واژۆکردنی فەرمی رێککەوتنەکە، وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن رادەگەیەنێت”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای راگەیاندنی ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

سۆمۆ :

سۆمۆ : "هیچ بڕه‌ نه‌وتێک له‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌رنه‌گيراوه‌"