هه‌ردوولا دۆڕان و كوردیش زیانمه‌ند
تەمەنی جەنگە خوێناوییەکەی ئێران و عێراق بوو بە 45 ساڵ
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئەمڕۆ 45 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، تێپەڕدەبێت، زیاتر له هەشت ساڵى خایاند و گەلانى هەردوو وڵاتى هیلاك و ماندوو كرد، ئێستا ئاسه‌واره‌كانى ئه‌م شه‌ڕه و پاشماوه شاراوه‌كانى ئاشكرا نه‌بووه.
جه‌نگه‌كه له رۆژى 22.9.1980 له‌نێوان هه‌ردوولادا ده‌ستیپێكرد، كه هه‌ردوو وڵاتیش یه‌كتریان به‌ده‌ستپێشخه‌رى جه‌نگه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كرد، به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان لە دوای جەنگی ڤێتنام ، به‌درێژترین جه‌نگ داده‌ندرێت.
به‌ر له‌وه‌ى شه‌ڕه‌كه چه‌كی تێبكه‌وێت و خوێن له‌نێوان هه‌ردوو وڵات بڕژێت، قسه‌ى هه‌ردوولا له تاران و به‌غدا شه‌ڕه‌كه‌ى دروستكرد، ئه‌وكات سه‌دام ماوه‌یه‌كی زۆر بوو پیاوە ئاینییەکانى شیعەی زیندانی دەکرد و هەندێکیانی لە سێدارە دەدا، چونكه ئێرانى به هاندان بۆ ئه‌و شیعانه وه‌سفده‌كرد، ئه‌وكات هه‌موو فشارێكی عێراق بۆ سه‌ر کەسایەتییە ئاینییە شیعەکان بوو، ئەمەش وایکرد ئێران بێتە دەنگ و بەردەوام لە میدیاکانى وڵاتەکەیەوە هێرشی دەکردە سەر رژێمی سەدام حسێن و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئەو کردەوانەى دەکرد.
رقی پێشینه‌ى نێوان سه‌دام و خومه‌ینى له‌یه‌كترى و بوونى دوو جه‌مسه‌رى شیعى و سونى بڵێسه‌ى ئاگرى شه‌ڕەکەى به‌تینتر كرد، ئه‌مه‌و جگه له‌وه‌ى كێشه‌ى سنوورى و پشتیوانى هه‌ریه‌كه‌یان بۆ جوڵانه‌وه‌ى كورد هۆكارێكی دیكه‌ى جه‌نگەکە بوو.
هه‌میشه سه‌دام ترسێكی له دووباره‌بوونه‌وه‌ى گۆڕینى ده‌سه‌ڵات له عێراق هه‌بوو، ده‌ترسا وه‌كو ئه‌وه‌ى لە ساڵی 1979 لە ئێران روویدا، شا رووخا و دەسەڵاتێکی ئیسلامی به‌سه‌رۆكایه‌تى خومه‌ینى هاتە سەر دەسەڵات، لە وڵاته‌كه‌ى دووباره ببێته‌وه، بۆیه ئه‌مه‌شیان رقی سه‌دامى بۆ به‌رده‌وامى شه‌ڕه‌كه به‌هێزتر كردبوو.
ئاماری زیانەکانى ئەو جەنگە جیاوازن، هەر لایەکیان ئامارێکی جیاوازی بڵاوکردووه‌تەوە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئامارێکی جیاوازتریان هه‌بوو، ئێران ده‌یگوت 300 هەزار کەسى لێ کوژراوه، عێراقیش ده‌یوت 250 هەزار کەسی کوژراون و 60 هەزار کەسیش وەک دیل لای ئێرانە، به‌ڵام ئه‌م ژمارانه هیچی جێگه‌ى بڕوا نه‌بوون و پێشبینى ژماره‌ى زیاترى قوربانى له‌هه‌ردوولا ده‌كرێت.
لە ئەنجامی ئەو جەنگە دوو کارەساتى گەورەی کۆمەڵکوژی بەسەر گەلی کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتى كوردستاندا هات، کیمیابارانکردنی هەردوو شاری سەردەشت و ھەڵەبجە بوو لەلایەن رژێمی عێراقەوە، هەڵەبجە بەبیانووی ئەوەی سوپای پاسدارانى تێدابووە و سەردەشتیش وەک تۆڵەکردنەوەیه‌ك لە ئێران، کە بە هەردوو کۆمەڵکوژییەکە نزیکەی 130 هەزار کەس بوونە قوربانی.
هەر لەماوەی ئەم جەنگەدا سەدام بە هەشت قۆناغ پڕۆسەى ئەنفالی لەسەر باشووری کوردستان جێبەجێکرد و پاساوێکی سەرەکی رژێمیش لەو ئەنفالە ئەوە بوو کە گوایە سەرکردایەتى جوڵانەوەی کوردی لەوکاتەدا خیانەتى کردوە و پشتیوانى لە ئێران دەکات.