خاوه‌ن شۆفڵێك دۆزینییه‌وه
دوو گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى نوێی ئێزدییەکان له سنورى شنگال دۆزرانه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنورى قه‌زاى شنگال، به‌رێكه‌وت دوو گۆڕى دیكه‌ى به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه، له‌كاتێكدا خاوه‌ن شۆفڵێك خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ى هه‌ندێك خۆڵ بوو، پاشماوه‌ى چه‌ند روفاتێك ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌ویش لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه.
رێکخراوی په‌تریکۆر بۆ مافی مرۆڤ، كه كارى چاودێریكردنى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانى له شنگال وردەکارییەکانی دۆزینەوەی ئه‌م دوو گۆڕه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه دوو گۆڕه‌كه لە کۆمەڵگەی جەزیرە (سیبا شێخداری) دۆزراونه‌تەوە.
له‌یه‌كێك له گۆڕه‌كانى ئێسکەپەیکەرێك نزیکەی 300 مەتر لە پشت وێستگەی کارەبای ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه دۆزراوه‌ته‌وه و تیمى ئه‌م رێكخراوه‌ش به‌چاوى خۆیان چوونه‌ته شوێنه‌كان و گۆڕه‌كانیان بینیوه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، لەکاتێکدا خاوەنی شۆفڵێك خۆڵی لە باستیه‌كى زه‌ویه‌كه دەگواستەوە بۆ ناو کۆمه‌ڵگەکە بۆ مەبەستی بیناسازى ، پاماوه‌كانیان دۆزیوه‌ته‌وه و بە پشتبەستن بە بەڵگەکان كه رێكخراوه‌كه بینیویه‌تى گۆڕێکی بەکۆمەڵ بووەو دوای گەڕانیش بەدوای بڵگه‌ى دیكه شوێنێکی دیکەشیان دەستنیشانکردووه کە پێدەچێت گۆڕێکی بەکۆمەڵى گەورەتر بێت.
ڕێکخراوەکە زانیاری باوەڕپێکراوی هەیە کە ئەو کەسەی ناسنامەکەی له‌یه‌كێك له‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه نوێیانه دۆزراوه‌ته‌وه، پێشتر لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا بینیویانه کە لەگەڵ چه‌ند هاوڵاتییه‌كى دیكه‌ى ئێزیدی لە نزیک بنکەی پۆلیسی ئێستای جەزیرە دەکوژرێت، کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە شوێنی گۆڕه‌كه‌ى ئێستاوە دوورە.
به‌پێی ئامارێک، كه پێشتر 964 له رێكخراوى په‌تریكۆر وه‌ریگرتووه، تاوه‌كو ئێستا 93 گۆڕى به كۆمه‌ڵى ئێزدییه‌كان دۆزراوه‌ته‌وه، له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌دا ته‌نیا 55 گۆڕ هه‌ڵدراوه‌نه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش به هه‌ڵنه‌دراوى ماونه‌ته‌وه، کە 38 گۆڕن، له‌ناو ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه هه‌ڵدراونه‌ش 750 روفات ده‌رهێندراون و ته‌نیا 274 رووفاتیان ناسراونه‌ته‌وه.