سەردانی شاندەکە بۆ کەرکوک - وێنە: پارێزگای کەرکوک
لیژنە چوون
ژمارەی ئامێرەکانی سۆنەر لە بازگەکانی کەرکوک زیاد دەکرێ
ئەحمەد مستەفا
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغی و دواکەوتنی بارهەڵگرەکان بۆ چوونە کەرکوک لە بازگەکانی شارەکە، بەتایبەتی بازگەی چیمەن، فەریق سامی سودانی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری بازگەکان و گومرگ، سەردانی بازگەی چیمەنی کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک و کاربەدەستانی گومرگی چیمەن، بڕیاردراوە کە ژمارەی ئامێرەکانی پشکنین “سۆنەر” زیاد بکرێن بۆ خێراکردنی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان.
پارێزگاری کەرکوک لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە 20.9.2025 دەڵێ، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بە سیستەمێکی نوێ و جیاوازدا دەهێنرێنە ناو بازگەکانەوە، ئەم گۆڕانکارییە بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و خێراکردنی پرۆسەی پشکنینەکانە لە بازگەکاندا.
بەهۆی هەڕەشەی مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکان لە هەفتەی پێشوو، حکومەتی ناوەند، بە خێرایی هاتە سەرخەت و بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بنێرێتە کەرکوک، ئەم هەنگاوەش دوای ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی شۆفێران هات کە ماوەیەکە بەدەست قەرەباڵغی و دواکەوتنەوە لە بازگەکانی چوونە ژوورەوەی کەرکوک دەناڵێنن.
پێشتر، رێکان نەجمەدین، شۆفێرێکی بارهەڵگر بۆ 964 وتی، رۆژانە لە بازگەکانی چیمەن و دارەمان چەند کاتژمێرێک یان هەندێک جار چەند رۆژێک دەمێنینەوە بۆ ئەوەی رێگەمان پێ بدرێت بارەکەمان بێنینە ناو کەرکوک، بەهۆی ئەم کێشانەوە، بڕیارماندا سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگر مانگرتن ئەنجام بدەین لە ناو بازگەکان.
ماوەی چەند ساڵێکە شۆفێرانی بارهەڵگر لە بازگەکانی کەرکوک، بە تایبەت بازگەکانی چیمەن و دارەمان، رووبەڕووی دواکەوتن و راگرتنی بارەکانیان دەبنەوە، ئەم حاڵەتە، کە هەندێک جار چەند کاتژمێرێک یان تا چەند رۆژێک دەخایەنێت، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ شۆفێران و کەرتە بازرگانییەکان، هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری ئەم دواکەوتنانە بۆ رێکارە ئەمنییەکان و پشکنینەکان دەگێڕنەوە.