بەنزینی حکومی بەنزینخانەکانی كۆیەی کردووەتە دوو بەش

“کارمەندی بەنزینخانە خۆی پێی وتم فێڵ دەکەین”

+964

دەریا ئەحمەد –  کۆیە

بەنزینی حکومی لە کۆیە بەنزینخانەکانی کردووە بە دوو بەش، بەشێکیان لەکاتی دابەشکردنی بەنزینەکە قەرەباڵغییەکی زۆریان لەسەر دروست دەبێت و شۆفێران سەرە دەگرن، لەکاتێکدا هەمان بەنزینی حکومی و بە هەمان نرخ لە بەنزینخانەکانی تر سەرەی نییە و کەی دەتەوێ دەتوانیت بچیت بەنزین وەرگری و هیچ قەرەباڵغییەکی نییە، ئەمەش بەهۆی گومانی شۆفێران لە بڕ و کوالێتی بەنزینەکان، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی کۆیەش دەڵێ بەنزینەکان وەک یەکن و هیچ کێشەیان نییە، شۆفێران دوای قسەی سۆشیاڵ میدیا کەوتوون.

مەجید ئەحمەد شۆفێرێکە لە سەرەی بەنزین وەستابوو لە یەكێك لە بەنزینخانەكان، ئەو بە 964ـی وت، “هەر لەم بەنزینخانەیە بەنزینی حکومی وەردەگرم و هەرکاتێکیش بەنزینم پێ نەمێنێ چاوەڕێدەکەم تا لێرە دابەش دەکرێت، چونکە کاتێک لە بەنزینخانەی تر بەنزینی حکومیم وەرگرتووە، زیاد لەسەرم حیساب کراوە و ئیتر ناچمەوە ئەو شوێنانە”.

وتیشی، تەنانەت کارمەندێکی بەنزینخانە خۆی پێی وتووم دەستکاری بڕی لیترەکان دەکەن و وای لێدەکەن هەوا بکات و بەنزینی دیاریکراو نەڕوات.

بۆ هەمان مەبەست 964 پەیوەندی کرد بە هێمن عومەر بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی کۆیە، لەمبارەیەوە بۆ 964 وتی، ئەو دەنگۆیە لە کۆیە هەیە بەڵام هەمووی دوای قسەی سۆشیال میدیا کەوتوون و زۆرجار گلەیی کراوە، کە بەدوایدا رۆیشتووین وانەبووە و کە لێپرسینەوەمان کردووە شۆفێرەکە دەڵێ، وەڵا لە کۆمێنت بینیم نووسراوە ئەو بەنزینخانە فێڵ دەکەن.

وتیشی، “ئێمە فەرمانبەری خۆمان لە بەنزینخانەکان هەیە لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی حکومی و هەر شۆفێرێک گلەیی هەبوو با بەردەم عەدادی بەنزینخانەکە چۆڵ نەکات و  راستەوخۆ داوا بکات کە لیژنەکە پێوانە بۆ بەنزینەکە بکەنەوە و ئەگەریش گومانیان لە کوالێتی بەنزینەکە هەیە، ئێمە نموونەی لێوەردەگرین و دەینێرین بۆ هەولێر بۆ پشکنین و چەندین جاریش ئەمەمان کردووە و دەرکەوتووە هیچ کێشەی نییە.

لە سنووری کۆیە نزیکەی 10 بەنزینخانە هەن، کە بەنزینی حکومی دابەش دەکەن و مانگانە و هەر جارە و دەدرێت بە چەند بەنزینخانەیەک، بەڵام لەو ژمارە چەند بەنزینخانەیەکی کەمیان قەرەباڵغن و بەشەکەی تریان بەهۆی گومانی شۆفێرانەوە چۆڵە و ئامادەنین بەنزینیان لێ بكڕن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەنزینی حکومی لە هەولێر کەمبووە؛ تەنیا 16 بەنزینخانە دا...

بەنزینی حکومی لە هەولێر کەمبووە؛ تەنیا 16 بەنزینخانە دابەشی دەکەن