لە هەولێر بازاڕێكی سەیر هەیە
“ئۆتۆمبێلی سووتاومان هەیە خاوەنەكەی چاكی دەكاتەوە و دەهێنیتەوە سەر شەقام”
+964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
فرۆشیارێكی ئۆتۆمبێلی لێدراو و كۆنە و سووتاو، لەسۆشیال میدیا زۆر بە جوانی وەسفی ئۆتۆمبێلەكانی دەكات و بازارێكی باشی دروست كردووە، دەشڵێت لە ئەمریكا و ئەوروپا و دوبەیەوە تەلەفۆنی بۆ دەكەن و لە بارەی ئۆتۆمبێلەكان پرسیاری لێدەكەن.
ئەمرۆ هەینی 19.9.2025 ئەحمەد مەجید فرۆشیاری ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ 964 قسەی كرد و وتی، “ئۆتۆمبێلەكان لە سلێمانی، دهۆك و بەغدا و بەسڕە دەكڕین و بۆمان دێت، لە دەرەوەی وڵاتیش كڕیاریان هەیە ، ئۆتۆمبێل هەیە دەرگە و چاملغی لێدراوە، هەیە بڕاوەتەوە و هەروەها تێیاندایە بەشێكی سووتاوە، تەنانەن هەیانە لایەكی بە كاملی لێدرایە، منیش بە راستی باسیان دەكەم”.
ئەحمەد وتیشی “ئۆتۆمبێلمان هەیە بەتەواوی سووتاوە، خاوەنەكەی دەیەوێت چاكی بكاتەوە و بیهێنێتەوە شەقام، بۆیە لە ئەمریكا ئۆتۆمبێلیكی تری بۆ دەهێنین و كەلوپەلەكانی دەخەینەوە سەر و رەقەمی شاسییەكەشی دەگۆڕین، بەڵام بۆ ئەوەیان پێویستی بە نووسراوی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ هەیە”.
بازاڕی ئەحمەد مەجید گەرمە و 964 وێنەی ناو گەراجەی گرتووە، كە دەیان ئۆتۆمبێلی كۆنە و تێكشكاوی تێدایە، بەڵام تێشیدا هەیە كەمێكی لێدراوە و چانسی باشیان هەیە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە شەقام و خزمەت بە خاوەنەكانیان بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا