لە شارەزوور

رۆنگۆڕێک باخچەی ئاژەڵانی داناوە و شارەوانیش پێی خۆشە

964+
بڕوا مەجید – شارەزوور

دانیشتوویەکی قەزای شارەزوور کە پیشەی سەرەکی رۆنگۆڕینە، لە نزیک دوکانەکەی باخچەیەکی بچووکی ئاژەڵانی دروست کردووە و هەمەجۆرە باڵندە و پەلەوەری تێدا بەخێودەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تایەیەکی دەستبکەوێت، لەسەر شەقامەکە دەیکات بە دیزاین.

ئاسۆ حەمەئەمین، دانیشتووی قەزای شارەزوورە، ماوەی 25 ساڵە کاری رۆنگۆڕی دەکات، لە پاڵ رۆنگۆڕینەکەیدا هەندێک وردە ئیشی دیکەی ئۆتۆمبێل وەک پەنچەری و گۆڕینی شەمعە و ئیشی دیکەش بۆ کەسی نزیک و ناسراوی خۆی دەکات، بژێوی سەرەکی لەسەر ئەو کارەیە.

هەر تایەیەکی بێکەڵک و خراپبووی ئۆتۆمبێلی دەستبکەوێ رەنگی دەکات، و شێوەی جیاوازیان لێ درووستدەکات، وە لە بەردەم دووکانەکەیدا دایاندەنێت، ئەو تاکە ئامانجیشی لەم کارەی جوانکردنی سیمای شارەکەیەتی و پاراستنی ژینگەیە، چونکە وەک خۆی دەڵێت، خەڵک ئەم تایانە دەبات و گڕیان تێبەردەدات، بەڵام من هەوڵمداوە کە بە رەنگکردنیان سیمایەکی جیاواز بدەم بە شارەکەم.

هەر لە بەرانبەر دووکانی رۆنگۆڕیەکەشیدا، باخچەیەکی ئاژەڵانی بچووکی درووستکردووە، و چەندین جۆر ئاژەڵ، و پەلەوەری ماڵی و کێوی وەک(کەروێشک، هامستەر، قەل، تاوس، مار) ی تێدایە و رۆژانە و ئەو کاتانەی کە موشتەری نییە، سەرقاڵی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیەتی، و کوڕەکەشی هاوکاریەتی لە بەخێوکردنیاندا.

ئاژەڵ و پەلەوەرەکانی ئاسۆ، تەنها بۆ حەز و خولیای خۆیەتی و هیچکامیان بۆ فرۆشتن و قازانج نین، وەک خۆشی باسی دەکات، کە رۆژانە پێویستیان بە خواردن و پاککردنەوەی جێگەکەیان هەیە، واتە نەک تەنها قازانج لە بەخێوکردنیاندا ناکات، بەڵکو خەرجیشیان هەیە، بەڵام خولیاکەی و حەزی بۆ درووستکردنی شوێنێکی جیاواز لە شارەکەیدا وایکردووە، کە گوێ بە خەرجی و هیلاکی نەدات و هێشتاش بیەوێت کە شوێنەکەی فراوانتربکات.

رۆژانە بە لانی کەمەوە خەرجی پەلەوەر و ئاژەڵەکانی ئاسۆ حەوت هەزار دینارە، کاتێکیش شارەوانی بە کارەکەی زانیوە، لیژنەی ناردووە بۆ لایان و ئیخباری کراوە کە ئاژەڵ لەنێو ماڵان بەخێودەکات، دواتر شارەوانی بە سیمایەکی جوانیان زانیوە و رێگەیان پێ داوە لە کارەکەی بەردەوام بێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا