هەمووی لە نۆ رادیۆ
نرخی زێر دابەزی و چیرۆکی شۆفێرێکی بەوەفا و برازایەکی دڵسۆز
964+
ژووری هەواڵ
لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی “نۆ رادیۆ”دا، چاوان و توانا تاوتوێی چەندین بابەتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و ئابوورییان کرد، لەوانە دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنەوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، و چەندین چیرۆکی سەرنجڕاکێشی دیکە.
لە سەرەتای بەرنامەکەدا، باس لە دابەزینی نرخی زێڕ کرا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، لە ئێستادا کەمێک دابەزیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ و بەتایبەتی پرۆسەی هاوسەرگیریی گەنجان هەبووە.
دوای چەند ساڵێک لە وەستانی، بڕیارە پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستپێبکاتەوە، لەم خولەدا 150 فیلم لە 30 وڵاتی جیاوازەوە بەشداری دەکەن، کە چەندین بەشی جۆراوجۆری وەک فیلمی درێژ و کورت، دۆکیۆمێنتاری و بەشی گەنجان لەخۆدەگرێت.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی بەرنامەکە باسکردن بوو لە شلەخەجێکەی مام ساڵح، لە گوندی دێڵزێی باڵەکایەتی، پیاوێک بە ناوی ساڵح حوسێن ماوەی 35 ساڵە خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری مۆدێل 1984ە ئەم ئۆتۆمبێلە بووەتە هاوڕێی ژیانی و سەرەڕای کۆنییەکەی، هێشتا کاری پێدەکات و خۆشەویستییەکی زۆری بۆی هەیە.
لە چیرۆکێکی دیکەی کاریگەردا، کوڕێکی گەنج بە گۆرانی وتن خۆشەویستی خۆی بۆ خوشکە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی دەردەبڕێت کە نەخۆشی داون سیندرۆمی هەیە. ئەو دەڵێت کە گۆرانییە شادەکان خوشکەکەی دەخەنە پیکەنین، بەڵام گۆرانییە خەمگینەکان دەیگریەنن، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدات بە گۆرانی دڵی خۆش بکات.
لە کۆتاییدا، باس لە گرووپێکی ئایینی نهێنی کرا لە باشووری عێراق بە ناوی “قوربانی”، ئەندامانی ئەم گرووپە باوەڕیان بە خۆکوشتنی ئارەزوومەندانە هەیە وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئیمام عەلی. ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر و دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدەن.