لۆگۆ کۆن و نوێیەکەی زانکۆی گەرمیان - گرافیک: 964
دەڵێن؛ شانازی پێوە دەکەن
رێکخراوێک لە کفری؛ لۆگۆ نوێیەکەی زانکۆی گەرمیان هێمای ئێمەی تێدانییە
964+
ئەحمەد مستەفا
لۆگۆ گۆڕینەکەی زانکۆی گەرمیان چلەی نەچوو، بەهۆی نەبوونی هیچ هێمایەکی کفری لە لۆگۆکەدا، رێکخراوی پاڵپشتی کفری لە راگەیانراوێکدا دەڵێت، بەحوکمی رەفتار دەزانین ئەوان کفرییان خۆش ناوێت، بەڵکو رقیان لێیەتی.
ئەوان لە بانگەوازێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16.9.2025 بڵاویان کردووەتەوە دەشڵێن، ئەو جۆرە عەقڵییەتی شارچێتییە زۆربەی فەرمانگەکانی گەرمیانی ناشرین کردووە.
پێشتر، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا بە گۆڕینی لۆگۆی زانکۆکە، بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ، لۆگۆی نوێی زانکۆی گەرمیان پەسەندکرا.
بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی، سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان نوسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد و رۆژی سێشەممە 9.9.2025 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لۆگۆ نوێیەکەی پەسەندکرد.
لێکدانەوەی هێماکانی لۆگۆی نوێی زانکۆی گەرمیان
– ڕەنگی هەناری: هێماییە بۆ بایەخەکانی زانست، دانایی، جددیەت و بیرکردنەوەی قووڵ.
– تیشکی خۆر: بریتییە ڕووناککردنەوە و نوێبوونەوە و گەشەسەندن و هیوا، لە (10) تیشک پێکهاتووە کە ئاماژەیە بۆ ساڵی دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان.
– قەڵای شێروانە: شوێنەوارێکی مێژوویی دیار و ناسنامەی گەرمیان و کەلارە.
– پردی ئەڵوەن: شوێنەوارێکی مێژوویی کوردستان و ناسنامەی خانەقینە.
– ڕەنگی سپی: هێمایە بۆ کتێب کە سەرچاوەی زانست و زانیارییە.
– 2010 : هێمایە بۆ ساڵی دامەزراندنی زانکۆی گەرمیان.
زانکۆی گەرمیان تائێستا لەسەر گلەیی نامەکەی رێکخراوی پاڵپشتی کفری هیچ قسەیەکی نییە، لەبەرامبەردا رێکخراوەکە دەڵێ، نایشارینەوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ستافی نوێی لە زانکۆی گەرمیان ئومێدمان ئەوە بوو ، زانکۆی گەرمیان لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ شارەکەمان هەڵبداتەوە و هەر هیچ نەبێت بەشێک یان دوو بەش لە شارەکەمان بکاتەوە.
بانگەواز
لەو ساتەی کولێژی کشتوکاڵ لە کفری دامەزرا ، هەموو هەوڵ و توانای زۆرینەی ڕەهای بەرپرسان و مامۆستایانی زانکۆی گەرمیان بۆ ئەوە بوو شکست بەو تاکە کولێژە بهێنن لە کفری .
کاتێک لەگەڵ هەر کامیان قسەت بکردایە دەیانوت کولێژی کشتوکاڵ بۆ کفری گونجاو نیە ، بە بێ ئەوەی بیانوویەکی لوژیکیان هەبێت.
ئەوە بوو بڕیاری کردنەوەی بەشێکی نوێی بۆ کولێژی کشتوکاڵ درا لە لایەن وەزارەتەوە بەڵام ئەوان نەك لەمپەر بوون لە کردنەوەی بەشی نوێ بەڵکو ڕێگر بوون لە گەشە سەندنی ئەو تاکە کولێژەی کفری .
ئەوە بوو ئاواتەکەیان هاتە دی و کولێژەکەیان بە داخستن دا .
و کاتێک زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە کفری کرایە هێندە تامەزرۆ بوون بۆ دەستبەرداربوون لە کفری بێ سێ و دوو کولێژەکەیان گواستەوە بۆ سەر زانکۆی پۆلیتەکنیک ، ئێمە هەر ئەو ساتە دەمانزانی لە خەمخۆری و دڵسۆزیان نیە بۆ کفری بەڵکو گرێیەکی دەروونی بوو بەرامبەرا شارەکەمان .
ئێمە بە حوکمی هەڵسوکەوت و ڕەفتارمان لە گەڵ بەرپرسانی ڕابردووی زانکۆی گەرمیان بە ڕوونی هەستمان بەو گرێی دەروونیە دەکرد بەرامبەر شارەکەمان بەڵام حەزمان نەدەکرد هەموو خەڵکی پێی بزانێت و ببنە بابەت.
نایشارینەوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ستافی نوێی لە زانکۆی گەرمیان ئومێدمان ئەوە بوو ، زانکۆی گەرمیان لاپەڕەیەکی نوێی لەگەڵ شارەکەمان هەڵبداتەوە و هەر هیچ نەبێت بەشێک یان دوو بەش لە شارەکەمان بکاتەوە.
بەڵام نەک ئەوە نەکرا بەڵکو بینیمان ئێستا هەمان بەشی کشتوکاڵیان کردووەتەوە بە ناوێکی نوێ لە کاتێکدا ئەو بەشەیان بە ئێمە حەرام ئەبینی ونازانین بۆچی بۆ کفری حەرامە و بۆ ئەوان حەڵاڵە.
ئێستاش کاتێک لۆگۆی نوێی زانکۆکە ئەبینین هیچ تووشی شۆک نەبووینە چونکە ئێمە بە حوکمی ڕەفتار لەگەڵیان دەزانین ئەوان نەک کفرییان خۆش ناوێت بەڵکو ڕقییان لێیەتی ، بۆیە نەبوونی هێمای کفری لە لۆگۆکەیان بۆ ئێمە مایەی شانازییە .
بۆیە ڕووی دەمان ئەکەینە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە گشتی و بەرپرسانی گەرمیان و بەرپرسانی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بە تایبەتی کە شارەکەمان لە میانەی 33 ساڵی ڕابردوو کوشتەی ئەم جۆرە عەقڵیەتەیە کە خەریکی شارچێتین و خەریکی دژایەتی کردنی شاری کفرین .
هەر ئەو جۆرە عەقڵیەتە هۆکاری نیگەرانی خەڵکی شارەکەمانە لە بەرپرسانی گەرمیان لە زۆرینەی سیکتەرەکان کە بە گیانێکی جیاکاری و هەوڵی سڕینەوەی کفری ڕەفتار دەکەن کە دواترینیان فەرامۆش کردنی شارێکی دێرینی وەک کفری یە لە هەبوونی هیچ بەشێکی زانکۆی گەرمیان لە کفری ، و بێ بەش کردنی شارەکەمانە لە ناوەندێکی ئێجگار گرنگ وەک زانکۆی گەرمیان کە ئێمە بە موڵکی هەموو گەرمیان دەیزانین و ئەوان وەها نین.
هەروەها ئێمە لە ڕێکخراوی پاڵپشتی شاری کفری بۆ پەرەپێدان دووپاتی دەکەینەوە هەڵسوکەوت و ڕەفتار کردن لە گەڵ ئەم جۆرە عەقڵیەتە لە حوکمڕانی جگە لەوەی زیان بە گەشەسەندن و پرۆژەکانی شاری کفری ئەگەینی ، زیانی بە ناو و ناوبانگی هەموو فەرمانگەکانی گەرمیان گەیاندووە ، ئەمەش زۆر بە ڕوونی دیارە لە شارەکەمان.
دووپاتی دەکەینە کە ئەو عەقڵیەتی مەرکەزییە حوکمڕانی وشارچێیتی و گرێی دەروونی زۆرینەی دائیرەکانی گەرمیانی ناشیرین کردووە ، و هەر ئەو جۆرە ڕەفتارانە هۆکاری ساردبوونەوە و دوورکەوتنی خەڵکی شارەکەمانە لە فەرمانگەکانی ئیدارەی گەرمیان .
هەروەها بە (سەرۆک ) و (سەرکردایەتی) یەکێتی دەڵێن ئێوە لە گەرمیان خاوەنی ئەم جۆرە بەرپرسانەن کە بە ئاشکرا و بە نهینی کار بۆ سڕینەوەی ناو و پرۆژە و خزمەتکردنی کفری دەکەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کفری لە گەرمیان دابڕێنن.
ڕێکخراوی پاڵپشتی کفری
16/9/2025