وێنەیەك لە واژۆكردنی یاداشتەكە. فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانیی هەولێر
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد
شارەوانیی هەولێر و زانکۆی نۆڵج بە تەمای چین؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لەگەڵ زانكۆی نۆلج لە هەولێر یاداشتێكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد، كە بەهۆیەوە لە چەندین بواری جیاجیا بەیەكەوە كاردەكەن.
بە پێی راگەیاندراوی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 16.9.2025ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، هاوشان لەگەڵ سەرپەشتیاری هونەری و پلان و سەرۆکی بەشی پلاندانان، لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئەحمەد ئەنوەر دزەیی سەرۆکی زانکۆی نۆڵج و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆكەكە و راگری کۆلیژی ئەندازیاری كۆبوونەوە و چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر تاوتوێ کران و هاوکات هەردوولا خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ دەستپێکی پردێکی هاوبەش و هاوکاری لە نێوانیاندا لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژە، چالاکی و توێژینەوە و پتەوکردنی هەماهەنگی زیاتر لە کاری هاوبەش.
هەروەها هاتووە: سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و سەرۆکی زانکۆی نۆڵج، پاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و زانکۆی (نۆڵج)یان واژۆکرد، ئەمەش بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و نوێبوونەوەی شار و پشتگیریکردن لە پڕۆژەکان و توێژینەوەی هاوبەش تایبەت بۆ بەرەو پێشبردنی شار و خزمەتگوزارییەکانی شار، هەروەها پەرە پێدانی تواناکان و کردنەوەی خول بۆ فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە بوارە جیاجیاکان.
بە گوێرەی راگەیاندراوی شارەوانیی هەولێر، هاوكارییەكان لە بوارەکانی کارگێڕی و ژمێریاری، ئای تی و پڕۆژەکان و یاسایی و چەند بوارێكی دیكە دەبێت، كە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکایمی، لەگەڵ هاوبەشبوون لە ئاگاداری و زانیاری بۆ خزمەتگوزاریەکانی پەرەپێدانی بەردەوام .
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دووەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە واژۆی دەکات، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ زانکۆی تیشک یاداشتێكی هاوشێوەی واژۆ كرد.