ئاوى سلیمانى: ئاوەکەمان سەلامەتە

دەوترێت ئاوى دوو گەڕەکى سلێمانى تێکەڵ بە نەوت بووە؛ دەموچاو دەکزێنێتەوە

964+

ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی

دەنگۆی تێكەڵبوونی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بەنەوت، لەهەریەك لەگەڕەكەكانی خاك و راپەڕینی سلێمانی هەیە و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، بەدواداچوونمان كردووە و ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە.

هاوڵاتییەک: دەموچاومان دەکزێنێتەوە

سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی هەریەك لە گەڕەكەكانی خاك و راپەڕین، لەهەردوو سەرچاوەی ئاوی سەرچنار و هێڵی دوكان بۆ سلێمانی دابین دەكرێت و هەردوو ئاوەكەشیان بۆ چێك كراوەتەوە.

كوێستان محەمەد، دانیشتوویەكی گەڕەكی خاكی سلێمانییە و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، ئەو ئاوەی كە پێمان دەگات، بۆنی نەوتی لێدێت و بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، تەنانەت لەكاتی دەستنوێژگرتندا دەموچاومان دەكزێنێتەوە و كاریگەری لەسەر پێست و قژمان دروست كردووە.

دەشڵێت، ئەوە دوو سەرە ئاوە ئاوەكەمان بەو جۆرەیە و داوا دەكەین لەرێگەی 964ـەوە چارەسەرێكی ئەو دۆخەمان بۆ بكەن و تەواو ناڕەحەتی كردووین.

964 بۆ ساغكردنەوەی دەنگۆكە پەیوەندی كرد بە بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی و لای خۆیەوە بە 964ـى وت، “بەدواداچوونمان بۆ ئاوەكە كردووە و ئەوەی ئێمە چاودێریمان كردووە تائێستا بەو جۆرە نییە و ئاوەكە سەلامەتە، چونكە سەرچاوەی ئاوەكەمان دیارە و ئەو ناوچەیەش هیچ سەرچاوەیەكی نەوتی لێ نییە”.

بەختیار تاهیر ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە سەرچاوەی خۆمان دڵنییابوینەتەوە، بەڵام ئەم سەرە ئاوەی داهاتووش بەدواداچوونی زیاتر دەكەین، لەئەگەری هەركێشەیەك و تێكەڵبوونی ئاوەكە بەنەوت، دەكرێت هاوڵاتییان گرفتیان دروست كردبێت، ئەگەرنا ئێمە لە سەرچاوەی خۆمان ساغبوینەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

پێکدادانى دوو تانکەرەکەى دوکان دابەشکردنى ئاوى سلێمان...

پێکدادانى دوو تانکەرەکەى دوکان دابەشکردنى ئاوى سلێمانى راگرت