رۆبیۆ لە ئیسرائیل
ترەمپ دەیەوێت کۆتایى بە جەنگ بهێنێت
روبیۆ لە ئیسرائیل: نیگەرانین لە هێرشەکەی قەتەر، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل ناگۆڕێت
964+
وریا فەتاح
دواى کەمتر لە هەفتەیەک لە هێرشەکەى ئیسرائیل بۆسەر دەوحەى پایتەختى قەتەر، ئەمڕۆ دووشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل.
مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن پێشوازی لە روبیۆ و هاوسەرەکەی، ژینێت دۆسدەبێس ڕوبیۆ کرد.
لەوەتەى لە کانوونى دووەمى رابردوو دەستبەکار بووە، ئەمە دووەم سەردانی روبیۆیە بۆ ئیسرائیل.
بڕیارە لەم سەردانەیدا جەخت لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانە بکاتەوە کە لە غەززە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.
بەگوێرەی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارە ئەمڕۆ ناتانیاهۆ و روبیۆ پێکەوە سەردانی دیواری رۆژئاوا لە قودس بکەن.
پێش گەشتەکەی لە واشنتن، روبیۆ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان “دڵخۆش نییە” بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم هێرشە “جۆری پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان ناگۆڕێت”.
روبیۆ وتیشی: “دەبێت لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەین، بەتایبەتی سەبارەت بەوەی کە ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەست هەیە.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێت لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە سەبارەت بە دیدگایان بۆ داهاتووی غەززە.
وەک ئەوەى روبیۆ باسى دەکات، ترەمپ، دەیەوێت شەڕ کۆتایى بێت و هەر 48 بارمتەکە بە زیندویى و مردوویى بگەڕێندرێنەوە، جەختیشى کردەوە کە ترەمپ دەیەوێت حەماس و جەنگ کۆتاییان پێبێت.