ئەوانیش پەنجەمۆریان نەکردووە

پۆلیس لە تەپەسەوز ویستوویەتی پەنجەمۆر بە ژمارەیەک جوتیار بکات

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، پۆلیس لە دوزخورماتوو جارێکی دیکە چوونە سەر گوندی تەپەسەوز و ماڵ بەماڵ بەدوای جوتیاراندا گەڕاون، دەڵێن بڕیاری دادگایان پێیە بۆ گێڕانەوەی زەوی بۆ ژمارەیەک جوتیاری عەرەبی هاوردە.

شەماڵ کاکەخان، یەکێک لە نوێنەری جوتیارانی تەپەسەوز بە964ـی وت، درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی تر پۆلیس هاتە سەر گوندەکەمان و ماڵ بەماڵ گەڕاون و ویستویانە بەزۆر پەنجەمۆرمان پێبکەن، بەڵام ئێمە بەتوندی رێگریمان لێ کردون و پێمان راگەیاندن کە بەهیچ جۆرێک رێگە نادەین بچنە نێو ماڵەکان و هیچ جوتیارێکیش ئامادە نییە پەنجەمۆرتان بۆ بکەن.

وتیشی، ئەمجارەیان ئەگەر ھەڵبکوتنە سەر گوندەکەمان بەدڵنیایەوە گرژی و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە، بەو پێیەی ئێمە ئامادەنین پەنجەمۆر بکەین مەگەر بەسەر جەستەماندا برۆن و نیگەرانین لەوەی کەس پشتیوانیمان لێ ناکات و بەدەم داواکانمانەوە نایەن.

هەفتەی رابردوی پارێزگاری سەڵاحەدین رایگەیاند، کە بەپێی بڕیاری دادگا زەوییەکانی تەپەسەوز دەبێت بگەڕێندێنەوە بۆ جوتیارانی عەرەبی هاوردە.

حەوت کەسی عەرەب زەوییەکانیان لەناو مادەی 140 دەرھێناوە و گرێبەستەکانیان نوێکردووەتەوە و ئەمەش مافیان پێدەدا زەوییەکان بە شێوەی یاسایی داگیر بکەن و نوێکردنەوەی گرێبەستەکان و دەرکردنی لە ماددەی 140 خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی یاسایە، ئەو حەوت عەرەبە خاوەنی 50 پارچە زەوی کشتوکاڵین و ئەم کارەی ئەنجامیان داوە جوتیارانی کوردی تووڕە کردووە.

ئەمە یەكەمجار نییە ئەو كەیسە دەبێتە كێشە و چەند جارێكی دیكەش هێز چووەتە سەر جوتیارانی كورد و زەوییەكانیان، ئەمەش لە كاتێكدا یاسا بۆ ئەم بابەتە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە بۆ ئەوەی كێشەكان لە سەرجەم ناوچە كێشە لەسەرەكان لە نێوان كورد و عەرەبدا چارەسەر بكرێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

بۆنی ناخۆش و  گازی ترسناک دوزخورماتوویان هەراسان كردوو...

بۆنی ناخۆش و گازی ترسناک دوزخورماتوویان هەراسان كردووە